هۆشداری له دۆخی ته‌ندروستی عێراق ده‌درێت
ئاماده‌كاری بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا ده‌كرێت.. په‌نا بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزیش ده‌برێت

K24- هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی حكومی جه‌ختی كرده‌وه، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ هاوكاریكردنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سێیه‌م شه‌پۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنا چڕكراونه‌ته‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا شانه‌ی ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئێستا ئه‌وان كار له‌سه‌ر یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری پلانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی فراوانكردنی هه‌ڵمه‌تی دابه‌شكردنی ڤاكسین به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی زیادكردنی ژماره‌ی بنكه‌كانی كوتان، كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه ته‌كنییه‌كانی به‌رده‌م هاورده‌كردنی رێژه‌ییه‌كی زیاتری ڤاكسینه‌كان له وڵاتانی به‌رهه‌مهێن، سه‌پاندنی رێكاری خۆپارێزی له وڵات و ئاماده‌كردنی سه‌نته‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری بۆ حاڵه‌ته له‌ناكاو و فریاگوزارییه‌كان.
هه‌روه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای داتا و زانیارییه‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جه‌خت له‌سه‌ر كارامه‌یی ئه‌و ڤاكسینانه ده‌كاته‌وه، كه هاورده‌ی عێراق ده‌كرێن و دووپاتیشیكرده‌وه، تا ئێستا له عێراق هیچ كاریگه‌رییه‌كی لابه‌لای نه‌رێنی له‌سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه ده‌رنه‌كه‌وتووه، كه ڤاكسینیان وه‌رگرتووه.
شانه‌ی راگه‌یاندنی حكومی داواشی له سه‌رجه‌م ئامرازه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆیی و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كرد، هاووڵاتییان له گرنگیی ڤاكسینی كۆرۆنا ئاگادار بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه پێكوته وه‌ربگرن، له‌پێناو زاڵبوون به‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی شه‌پۆلی سێیه‌می ئه‌و په‌تایه له عێراق.
جێگای ئاماژه‌یه، به‌گوێره‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق، سێیه‌م شه‌پۆلی كۆرۆنا له هه‌ردوو شه‌پۆله‌كه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ئه‌و په‌تایه مه‌ترسیدارتره و پێشبینی ده‌كرێت زۆر به‌خێرایی ته‌شه‌نه بكات.
H.B