رێگه نادرێ جۆرج فلۆید په‌یكه‌ری هه‌بێت
بكوژەكەی فڵۆید سزای 22 ساڵ و نیو زیندانی بۆ دەركرا
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
گرووپێكی توندڕه‌وی سپی پێست رۆژی 26ی حوزه‌یران (26 یۆنیۆی 2021) ئه‌و مۆنۆمێنته نوێیه‌ی جۆرج فلۆید-یان له نیویۆرك و نیوجرسی، شێواند، ئه‌مه‌ش رۆژێك دوای سزای 22 ساڵ و نیو زیندانی به‌سه‌ر دیرك شۆڤین ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیسی مه‌نیئاپڵس كه تۆمه‌تباره به كوشتنی فلۆید.
رۆژی 25 ی ئایار-ی 2020 دوكاندارێك له شاری مه‌نیئاپڵس-ی ویلایه‌تی مینیسۆتا دوای وه‌رگرتنی 20 دۆلاری ساختە له جۆرج فلۆید ته‌له‌فۆن بۆ 911 ده‌كات و پۆلیس ده‌گاته شوێنه‌كه بۆ قۆڵبه‌ستكردنی جۆرج فلۆید، به‌ڵام له‌كاتی قۆڵبه‌ستكردنیدا له‌ژێر ده‌ستی دیرك شۆڤین ئه‌فسه‌ری پۆلیسی مه‌نیئاپڵس گیانله‌ده‌ستده‌دات و به‌هۆیه‌وه دوای زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندان، رۆژی 25ی حوزه‌یران ئه‌مساڵ سزای 22 ساڵ و نیو زیندانی سه‌پێنرا به‌سه‌ر شۆڤین-دا.
به‌پێی راپۆرتێكی زه نیویۆرك تایمز ئه‌و كه‌سانه‌ی كه په‌یكه‌ره‌كه‌یان شێواندووه، بۆیه‌ی ره‌ش-یان به‌كارهێناوه و نیشانه‌ی سپی-یشیان به‌كارهێناوه كه ئاماژه‌یه بۆ به‌ره‌ی نیشتمانی.
به‌ره‌ی نیشتمانی، به‌ره‌یه‌كی توندڕه‌وی ئه‌مه‌ریكییه كه سپی پێسته توندڕه‌وه‌كان سه‌ركردایه‌تی ده‌كه‌ن. گرووپێكی بێزراون كه سه‌ر به رێكخراوێكی نازی نوێ-ی فاشی كه وێنه‌ی نیشتمانی و ئازادی ئه‌مه‌ریكا به‌كارده‌هێنن.
ئیمان هێنری، یه‌كێك له رێكخه‌رانی گرووپی یه‌كسانی بۆ فلاتبوش (Equality For Flatbush) به رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز-ی گوتووه: "ئه‌وه ته‌نیا كورتكراوه‌ی دژی ره‌شپێسته‌كان و ره‌گه‌سپه‌رستی نییه، ئه‌مه په‌یوه‌سته به هه‌ژاری له بنه‌مای نه‌زانیی ده‌رباره‌ی مرۆیی ده‌رباره‌ی ژیانی جۆرج فلۆید ". گوتیشی: "به‌ڵام كه‌سێك كارێك بكات بۆ سڕینه‌وه‌ی ژیانی كه‌سێكی بێ‌تاوان ئه‌وه زۆر دووره له مرۆییه‌وه".
هه‌روه‌ها ئیمان هێنری له لێدوانێكیشدا به ئێن پی ئاڕ-ی وتووه: "ته‌نیا پێنج رۆژ تێپه‌ڕی به‌سه‌ر دانانی په‌یكه‌ره‌كه‌دا. ئه‌مه كارێكی زۆر قێزه‌ونه".
هه‌فته‌ی پێشوو په‌یكه‌ری جۆرج فلۆید له نیویۆرك و برۆكلاین په‌ره‌ده‌ی له‌سه‌ر لادرا، كه هاوده‌م بوو له‌گه‌ڵ رۆژی جۆنتینس Juneteenth بریتییه له رۆژێكی پشووی فیدرالی، كه رۆژی كۆتاییهێنانە به كۆیلایه‌تی.
له لایه‌كی تره‌وه كورنتی نیلسۆن گوته‌بێژ به‌ناوی خێزانی جۆرج فلۆید به رۆژنامه‌ی گاردیان-ی راگه‌یاندووه: "قێزه‌ون و دڵته‌نگاویی و ترسنۆكیی. ئه‌مه‌یان وه‌ك دزێتی له شه‌ودا كردووه". گوتیشی: "ئه‌م كاره تێكده‌رانه‌یه نامانوه‌ستێنێت".
به پێی هه‌واڵێكی ته‌له‌فیزیۆنی WABC لێكۆڵێنه‌وه‌كان ده‌ستیان پێكردووه. لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس 4 گومانلێكراویان ده‌ستگیركردووه كه له‌و شوێنه‌دا ده‌ركه‌وتوون كه په‌یكه‌ره‌كه‌ی فلۆید-یان له برۆكلاین شێواندووه.
هه‌روه‌ها له هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه كه مۆنۆمێنتێكی تری جۆرج فلۆید-یان له فلادلفیا له كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا شێواندووه، كه به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان هه‌مان گرووپی به‌ره‌ی نیشتمانی ئه‌و كاره‌یان كردووه.
رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز باسی له‌وه‌شكردووه كه ره‌گوریشه‌ی جێگیركراوی ئه‌م شێوه گرووپه قێزه‌ونه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له‌ته‌واوی ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه.
ئه‌ندرۆ كۆمۆ حاكمی ویلایه‌تی نیویۆرك به رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز-ی وتووه: "بۆ ئه‌و گروپه نازییه نوێیه‌ی كه ئه‌م كاره‌یان كردووه، زۆر به روونی داوایان لێده‌كه‌ین ئه‌م دۆزه‌خه به‌رنه ده‌ره‌وه له ویلایه‌ته‌كه‌مان به‌ر له‌وه‌ی رێوشوێنی یاسای توندیان بگرینه‌به‌ر".
ئیرك ئادمز سه‌رۆكی 18مین برۆكلاین داواده‌كات كه یاسا لێپێچینه‌وه له‌و تاوانه بكات، ده‌شڵێت: "دوای چه‌ند رۆژێك له رۆژی جۆنتینس Juneteenth و دوای یه‌ك رۆژ له حوكمی بكوژی فلۆید ئه‌م تاوانه كراوه كه ده‌رخه‌ری راستییه‌كه، گروپێكی سپی پێستی توندڕه‌و له كۆمینیتی-یه‌كه‌مان ده‌ترسن و پێویسته لێكۆڵینه‌وه بكرێت."
ئیرك ئاده‌مز وێرای ئه‌وه‌ی كه پێشتر ئه‌فسه‌ری پۆلیس بووه، كه‌سێكی سیاسی و 18مین سه‌رۆكی برۆكلاین بووه له نیویۆرك. ئێستاش له‌لایه‌ن دیموكراته‌كانه‌وه له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختدا پاڵێوراوه بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی نیویۆرك بۆ 2021. بۆیه په‌یوه‌ندی كرد به‌هه‌ردوو كێبڕكێكاره دیموكراته‌كه‌ی هاوڕێیه‌وه (مایا وایلی و كاسرین گارسیا).
گارسیا-ش له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌م هێرشه‌ی سه‌ر مینۆمێنتی فلۆید-ی وه‌ك تاوانێكی قێزه‌ون وه‌سفكرد.
هه‌روه‌ها وایلی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی خۆی له تویته‌ر ئیدانه‌ی ئه‌م كاره‌ی كرد.