نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی ده‌روازه‌ی سنووریی "تەل کۆچەر" دەکات

پڕۆژە بڕیاری كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، ئەگەریش هەیە رووسیا و چین دژی ئەو بڕیارە مافی ڤیتۆ بەکاربهێنن

داوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازی سنووری "ته‌ل كۆچه‌ر" ده‌كرێت
داوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازی سنووری "ته‌ل كۆچه‌ر" ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سووریا، نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی ده‌روازه‌ی سنووری "تەلکۆچەر" دەکەن.

ئاژانسی "تاسا"ی رووسی بڵاویکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پڕۆژە بڕیارێکی تایبەت بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سووریا، داوای دەکرێت دەروازی سنووریی "تەل کۆچەر" لە نێوان عێراق و سووریا بکرێتەوە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، جگە لەوە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە ده‌روازه‌ی سنووریی "باب ئەلهەوا" بەردەوام بێت، بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەو پڕۆژە بریارە وەك بەڵگەیەکی لێکتێگەیشتن رێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ده‌روازه‌ی سنووریی "باب ئەلسەلام" لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە بڕیارە ناکرێتەوە.

ئەمە لە کاتیکدایە، کە ئەو پڕۆژە بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، ئەگەریش هەیە، کە رووسیا و چین دژی ئەو بڕیارە مافی ڤیتۆ بەکاربهێنن.

ده‌روازه‌ی سنووری "ته‌ل كۆچه‌ر"، ده‌كه‌وێته‌ نێوان شارۆچكه‌ی "ته‌ل كۆچه‌ر"ی پارێزگای حه‌سه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان و شارۆچكه‌ی "ره‌بیعه‌ی"ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌روازه‌كه‌ له‌ ساڵی 2013 كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كۆنترۆڵ كرا.

 

د.ی