ورده‌كاری له‌باره‌ی دۆخی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێته‌ڕوو
وه‌زاره‌تی كاره‌با له پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی له رێگه‌ی 4 یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنان كار له‌سه‌ر زیادكردنی 400 مێگاوات كاره‌با ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ورده‌كاری له‌باره‌ی دۆخی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو و جه‌خت ده‌كاته‌وه، خواست له‌سه‌ر كاره‌با زۆر له بڕی به‌رهه‌مهێنان زیاتره.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا كه له په‌یجی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، ئێستا بڕی به‌رهه‌مهێنانی رۆژانه‌ی كاره‌با له سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی هه‌رێم 3 هه‌زار و 350 مێگاواته، له‌كاتێكدا خواستی به‌كاربردن بریتییه له 4 هه‌زار و 500 مێگاوات، به‌مه‌ش به بڕی هه‌زار و 150 مێگاوات كورتهێنان هه‌یه.
هه‌وره‌ها گوتی: رۆژانه به تێكڕای 13 بۆ 15 كاتژمێر كاره‌بای نیشتمانی به هاووڵاتیان ده‌درێت و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، وه‌زاره‌تی كاره‌با كار له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی 4 یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كات، كه توانای به‌رهه‌مێهێنانی 400 مێگاوات كاره‌بایان هه‌یه.
H.B