سه‌نته‌رى لێكۆڵينه‌وه‌ى كارينگى ستراتيژى هه‌رێم بۆ مووسڵ ده‌خاته‌ڕوو

سەنتەری لێکۆڵینەوەی کارینگی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێکۆڵینەوەیەکدا باسی داھاتووی شاری مووسڵ دوای نەمانی داعش لەو شارە دەكات.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/3a512086-0f3e-4e02-abe1-93b9a0c6adef/MosuliDwayDaesh.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

سەنتەری لێکۆڵینەوەی کارینگی بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێکۆڵینەوەیەکدا باسی داھاتووی شاری مووسڵ  دوای نەمانی داعش لەو شارە دەكات.

کارینگی ئاماژه‌ به‌ پلان و ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و داھاتووی سیاسی مووسڵ دەكات.

"موسڵ دوای نەمانی داعش: ستراتیژیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان" ئەمە ناونیشانی بابەتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کارينگیە بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

کارینگی ئاماژە بە گرنگی شاری موسڵ دەکات و دەڵێت رزگار کردنی موسڵ دووەم گەورە شاری عێراق ئامانجی سەرەکی ھەموو ئەو ھێزانەیە کە لە شەڕی دژ بە داعشدان.

گرنگترین ھێز و ھاوپەیمان لەو شەڕەدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیە.

لێکۆڵینەوەکە باس لە ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد دەکات لە ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ رزگارکردنەوەی شارەکە و دەڵێ کورد ئامادە نیە پێشمەرگە بنێرێتە شەڕی رزگار کردنی موسڵ ئەگەر دڵنیا نەبێت لە دوای نەمانی داعش بارودۆخی سیاسی موسڵ نابێتەوە سەرئێشە و ھەڕەشە بۆ ھەرێمی کوردستان و کەسانێک دەسەڵاتی ئەو شارە ناگرنە دەست کە دژی سیاسەتەکانی کورد و ھەرێمی کوردستان بوەستنەوە.

واتە کورد ئەوەندەی گرنگی بە کەشی سیاسی موسڵی دوای داعش دەدات ئەوەندە گرنگی بە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە نادات.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی کارینگی ئاشکرای دەکات، حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی بۆ داھاتووی شاری موسڵ کە تەنھا کاتژمێرێک لە ھەولێری پایتەختەوە دوورە داڕشتوە. چونکە ھەرێم پێیوایە داھاتووی موسڵی وەک شارێکی دراوسێ کاريگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت.

کارینگی دەڵێت: کورد سەبارەت بە موسڵ سێ خاڵی زۆر بەلاوە گرنگن:

یەکەم: نایانەوێت داعش بەھیچ شێوەیه‌ک و لە ھیچ فۆرمێکدا لە ناوچەکەدا بمێنێت و جارێکی دیکە ببێتەوە بە ھەڕەشە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

دووەم: سەرکردایەتی کورد نایەوێت حکومەتی ناوەندی بەغدا لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا و بەبیانوی رزگار کردنی شارەکە دەسەڵاتی خۆی لەناوچەکەدا قایم بکات.

سێیەم: کورد نایەوێت ئەو دەسەڵاتە لۆکاڵیەی لە دوای نەمانی داعش موسڵ بەڕێوە دەبات عەرەبی شوڤێنی و بەعسی و دژە کورد بن، بەڵکو ھەوڵدەدات کەسانێک بن ھاوپەیمان و دۆستی دۆزی کورد بن و پشتگیری لە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان بکەن.

کارینگی دەڵێت لە کۆتایدا بۆ کوردەکان ئەوەی بۆ داھاتووی موسڵ دەکرێت زۆر لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە گرنگترە، بەشێوەیک موسڵ دەبێتە دوا تاقیکردنەوە بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق ئایا دەتوانێت ھەموو پێکھاتەکان لەدەوری خۆی و بە یەک پارچەیی لەو وڵاتەی کە خۆیان پێی دەڵێن عێراقی فیدراڵ کۆ بکاتەوە.