له‌ كه‌ركووك پەروەردەی به‌غدا کێشە بۆ قوتابیانی کورد دروست دەکات

وەزارەتی پەروەردەی حكومه‌تى عێراق بڕیاریداوە پڕۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکانی عێراق لە قۆناغی پۆلی پێنجەمی ئامادەییەوە بگۆڕێت و لەو قۆناغەش بەدواوە بۆ دووبەش جیای بکاتەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/5be3e7e7-ba6e-4944-b0ce-2e1816cacd53/Perwerdey-Iraq-Kerkuk.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حكومه‌تى عێراق بڕیاریداوە پڕۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکانی عێراق لە قۆناغی پۆلی پێنجەمی ئامادەییەوە بگۆڕێت و لەو قۆناغەش بەدواوە بۆ دووبەش جیای بکاتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندی قوتابیانی سەر بە خوێندنی کوردی نییە و لە ساڵی داھاتوو وەک بەرپرسانی پەروەردە دەڵێن ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا قوتابیانی کورد بۆیان نییە لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە رێگەی نووسراوێکەوە دەیەوێت قوتابییانی سەر بەخوێندنی کوردی لە زانکۆکانی عێراق بە زانکۆی کەرکوکیشەوە لە خوێندن بێ بەش بکات.

ناوەڕۆکی نووسراوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات, وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا, لە پۆلی پێنجەمی ئامادەییەوە بکرێتە دوو بەشی (زانستی راھێنان و زانستی زیندەوەرزانی) و پڕۆگرامی خوێندنیش لەو قۆناغە بەدواوە دەگۆڕدرێت, بەو پێیەش بێت قوتابیانی سەر بەخوێندنی کوردی کە پڕۆگرامی سەر بەھەرێم دەخوێنن, لە دوای تەواوکردنی قۆناغی 6 ى شه‌شى ئاماده‌يى بۆیان نییە لە زانکۆکانی سەر بەعێراق بخوێنن چوونکە ئەو پڕۆگرامە جیاوازە و بەشەکانی جیاکردووه‌تەوە.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە, بەرپرسی دۆسییەی پەروەردەش لە ناوچە دابڕێنراوەکان ھۆشداری دەدات لە چارەسەرنەکردنی ئەو گرفتە و دەڵێت: لە ئەگەری چارەسەر نەکردنیدا قوتابیانی کورد لە 31 زانکۆی عێراق بە زانکۆی کەرکوکیشەوە لە خوێندن بێبەش دەبن.

بەھۆی ئەوەی کەرکوک لە رووی ئیدارییەوە ھێشتا سەر بەحکوومەتی عێراقە, زۆربەی ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دەردەچن دژی ھاوڵاتییانی کوردن و ھاوسەنگی نەتەوەییان تێدا رەچاو ناکرێت, ھەربۆیە لە دەرچوونی ھەر بڕیارێکدا کورد قوربانی یەکەمە, زۆرجاریش ئیدارەی کەرکوک بڕیارەکانی بەغدای رەتکردووه‌تەوە.