عێراق.. ژماره‌ی تووشبوونی رۆژانه به كۆرۆنا بۆ سه‌رووی 6 هه‌زار حاڵه‌ت هه‌ڵكشایه‌وه
به‌هۆی په‌تاكه 35 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و هێشتا رێژه‌ی تووشبوونیش زۆر له چاكبوونه‌وه زیاتره
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 39 هه‌زار و 128 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی 6 هه‌زار و 264 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له شاری به‌سره تۆماركرا، كه بریتییه له 874 حاڵه‌ت.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 35 كه‌س به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه و 5 هه‌زار و 158 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه راگه‌یه‌ندراوه.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته ملیۆنێك و 371 هه‌زار و 475 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 17 هه‌زار و 316 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ملیۆنێك و 265 هه‌زار و 455 كه‌سیش به رێژه‌ی 92.3% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 88 هه‌زار و 704 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 620 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، تا ئێستا 929 هه‌زار و 193 كه‌س له سه‌رانسه‌ری عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.
H.B