رێباز حه‌ملان: به‌غدا ده‌ستی ده‌ستی ده‌كات
رێباز حه‌ملان

K24 – هه‌ولێر:
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ كاروباری دارایی و ئابووری، رێباز حه‌ملان، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی "فه‌رهاد ره‌سووڵ" بێژه‌ری دیاری كوردستان24ی له باره‌ی ره‌وشی دارایی هه‌رێم و بابه‌تی باج و مووچه و 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا دایه‌وه.
ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه
كوردستان24: پرسی 200 ملیاره‌كه‌ی به‌غدا به كوێ گه‌یشتووه؟
رێباز حه‌ملان: ئه‌م بابه‌ته قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر كراوه. له‌سه‌ره‌تاوه كه باسی بودجه كراوه، هه‌میشه وتوومانه، ئه‌م كێشه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی سیاسییه، به هیچ شێوه‌یه‌ك كێشه‌یه‌كی یاسایی و ئیداری نییه.
هه‌موو ئه‌و پابه‌ندیانه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌رێم و هه‌موو ئه‌و داواكاریانه‌ی ئه‌وان ویستوویانه و هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی ویستوویانه ئێمه خستوومانه‌ته به‌رده‌ستیان.
دوای ئه‌وه‌ی بودجه‌ی عێراق په‌سند كرا و پشكی هه‌رێم دیاری كرا، جارێكی دیكه شاندی هه‌رێم چووه‌وه به‌غدا و پێی وتن، ئێمه ئاماده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی. چه‌ندین كۆبوونه‌وه له نێوان وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوان هه‌ردوولا كراوه. میكانیزمه‌كان رێكخراوه. چاودێری دارایی هه‌ردوولا له‌سه‌ر هێڵن. شاندی ئێمه چووه و هی ئه‌وان هاتووه، هیچ پاساوێك نه‌ماوه، چه‌ندین جار حكومه‌تی به‌غدا خۆیان وتوویانه له چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌ینێرین.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، وه‌زیری دارایی عێراق ئاماده نییه واژووی له‌سه‌ر بكات و بینێرێت. به‌شێكیشی ره‌نگه په‌یوه‌ندی به سیاسییه‌وه بێت. له كۆتاییدا ده‌بێت بینێرن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یان ناردووه.
كوردستان24: چۆن وه‌زیری دارایی ده‌توانێت رایبگرێت، له كاتێكدا سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری داوه؟
رێباز حه‌ملان: به دڵنیاییه‌وه بانێك و دوو هه‌وایه. به گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی عێراق، وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجی هه‌یه. ئه‌مه ناچێته چوارچێوه‌ی بودجه‌وه. سه‌رۆك وه‌زیران وتی، ئه‌مه سولفه‌یه تا كێشه‌ی بودجه یه‌كلا ده‌كرێته‌وه.
له كۆتاییدا ئه‌مه خێر نییه به هه‌رێم بكرێت و به گوێره‌ی یاسای بودجه‌یه و له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران په‌سند كراوه. دوای گفتوگۆیه‌كی درێژ و دوای دواكه‌وتنێكی زۆری بودجه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه. ئێستاش ئه‌م 200 ملیاره مادام سولفه‌یه، هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كی یاسایی و نائیداری ناكه‌وێته ئه‌ستۆی وه‌زیری دارایی و سه‌رۆك وه‌زیران و دواتر یه‌كلا ده‌كرێته‌وه. به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی چاودێری دارایی هه‌ولێر و به‌غدا وردبینی ده‌كه‌ن.
ئێمه له چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ین، بینێرن، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یان ناردووه و ئه‌وه مافی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه و پێویست ناكات ئه‌و بابه‌ته به سیاسی بكرێت و بخرێته ململانێی سیاسییه‌وه. ئه‌وه مافی خه‌ڵكه و ده‌بێت به زووترین كات بنێردرێت.
كوردستان24: دۆخی دارایی هه‌رێم به بێ به‌غدا چۆنه؟
رێباز حه‌ملان: دۆخی دارایی هه‌رێم له چاو ساڵی رابردوودا له ره‌وشێكی زۆر زۆر باشتره. له مه‌سه‌له‌ی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نه‌وتیش، به‌ڵام ئێمه چه‌ندین جار وتوومانه، بابه‌تی ئه‌و پابه‌ندیانه‌ی، كه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه، له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و هه‌ندێك له‌و قه‌رزانه‌ی له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت كه‌وتوونه‌ته ئه‌ستۆی و ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه پێشتر گرێبه‌ست كراوون. شاندی حكومه‌ت كه چوونه په‌رله‌مانیش به روونی بۆ خه‌ڵكیان باسكرد. ئێمه ئه‌و داهاته‌ی له نه‌وت دێته‌وه، %58ی ده‌چێت بۆ ئه‌و پابه‌ندی و قه‌رزانه‌ی له ئه‌ستۆی سامانه سرووشتییه‌كانه.
بابه‌تی داهاتی ناوخۆ، له مانگه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ داهات به‌رز بوویه‌وه و زۆر باش بوو، ئه‌مه دوو مانگه ئه‌م داهاته كه‌میكردووه. ئه‌وه‌ی روونه بۆ خه‌ڵكی باس بكه‌ین، ئه‌مڕۆ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیران له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئابووری ته‌ئكیدی كرده‌وه، ئه‌وله‌ویه‌تی كاری حكومه‌ت دابینكردنی مووچه‌یه و ده‌بێت له پێشینه‌ی هه‌موو كاره‌كان بێت.
بێگومان بۆ بیرهێنانهی مووچه‌خۆران، له ساڵانی 2012 و 2013 كه بودجه‌ش له به‌غداوه ده‌هات و ره‌وشی دارایی زۆر باش بوو، ئه‌و كاته به 17 رۆژ لیستی مووچه دابه‌ش ده‌كرا. له 15ی مانگ بۆ 6ی مانگی دواتری به‌ڕێوه‌ده‌چوو. ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كه و گرنگه 30 رۆژ جارێك مووچه دابین بكرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرۆسه‌ی دواكه‌وتنی مووچه، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به بانكه‌كانه‌وه هه‌یه، كه ره‌نگه سیوله له‌به‌ر ده‌ست نه‌بێت، به‌شێكیش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه پرۆسه‌كه كاتی ده‌وێت.
ئێستا بۆ خه‌ڵك ئاشكرایه، كه له هه‌ندێك ده‌روازه كێشه‌مان هه‌یه و داهات وه‌ك خۆی ناگه‌ڕێته‌وه.
كوردستان24: بۆچی له هه‌ندێك ده‌روازه‌وه داهات وه‌ك خۆی نایێته‌وه؟
رێباز حه‌ملان: من حه‌زده‌كه‌م بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان روونی بكه‌مه‌وه، جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به هیچ شێوه‌یه‌ك نه حزبیانه و نه ناوچه‌ییانه بیر ناكاته‌وه. له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا جه‌نابی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپارد، كه له كۆكردنه‌وه‌ی داهات و رسووماتی وه‌زاره‌ته‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی باج له هه‌رێمی كوردستان، به ناوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی ئابوورییه‌وه، كار بكات و هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌رۆك وه‌زیران درایه جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته چاره‌سه‌ر بكات. هه‌موو وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌كانی راسپارد، هاوكاری جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و داهاته به شێوه‌یه‌كی درووست و به بێ گه‌نده‌ڵی و قاچاغچێتی كۆبكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆران له كاتی خۆیدا دابین بكرێت و له پێناو ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان به‌رده‌وام بێت و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وام بن.
ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی به‌غداین، پشت به خۆمان ببه‌ستین باشتره. به‌غدا ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌كات و باشتر وایه داهاتی خۆمان كۆبكه‌ینه‌وه و چاكسازییه‌كی زۆر پته‌و له بواری نه‌وتیش به‌ڕێوه‌یه و وه‌زیری سامانه سرووشتییه‌كان له په‌رله‌مان باسیكرد كه چیان كردووه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی داوه‌ته جێگره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی كه‌موكوڕییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
بابه‌تێكی دیكه، جێی باسه، بابه‌تی باجه. كۆكردنه‌وه‌ی باج چووه‌ته قۆناغێكی باش. باج زیاد نه‌كراوه. له هه‌رێمی كوردستان، باجی ده‌رامه‌ت هه‌یه به پێی یاسای ژماره 27ی ساڵی 2007، كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه شێوه‌ی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه. به هیچ شێوه‌یه‌ك له كابینه‌ی نۆیه‌م هیچ باجێك زیاد نه‌كراوه، به‌ڵكو باشتر ئێستا كۆده‌كرێته‌وه. باجی كۆمپانیاكان به گوێره‌ی هه‌مان یاسایه و باجی گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی به پێی یاسای ژماره 20ی ساڵی 2011یه و باجی خانووبه‌ره، له كۆی 12 مانگ، %9 وه‌رده‌گیرێت. باجی زه‌وی به‌تاڵ له كۆی 12 مانگ %2 وه‌رده‌گیرێت و هه‌مووشیان كار به یاسا كۆنه‌كان ده‌كرێت.
ئێستا باج رێكخراوه‌ته‌وه و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی باجه‌كان، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گه‌وره باجده‌رانی داناوه و ئه‌وانی جیاكردووه‌ته‌وه له كۆمپانیا بچووكه‌كان و به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و باجه زیانی نییه بۆ خه‌ڵكی مامناوه‌ند و خواره‌وه. باج له عێراق زۆرتر وه‌رده‌گیرێت، نه‌ك له هه‌رێم.
هه‌موو ئه‌و پڕۆسانه ئه‌مڕۆ له ئه‌نجوومه‌نی ئابووری باسكرا، كه ده‌بێت له ماوه‌ی 3 مانگی داهاتوو هه‌مووی رێكبخرێته‌وه و وابكه‌ین سه‌رچاوه‌كانی داهات رێكبخه‌ینه‌وه و كه‌موكورتی تێدا نه‌هێڵرێت.
كوردستان24: پڕۆژه یاسای بودجه‌ی هه‌رێم به كوێ گه‌یشت؟
رێباز حه‌ملان: هۆكاری دواكه‌وتنی ئه‌وه بوو، ئێمه چاوه‌ڕێی بودجه‌ی عێراقمان ده‌كرد. ئه‌و داهاته‌ی، كه بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه، 12.67% له‌وه دانراوه، كه له بودجه‌ی ئیتیحادی هاتووه. هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه جێبه‌جێ نه‌كرێت، كورتهێنانمان ده‌بێت. ئێستا خه‌ریكی داڕشتنهوهین. ئه‌گه‌ر به نزیكترین كات ئاماده بكرێت، له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سند ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت و ده‌بێته بناغه بۆ بودجه‌ی 2022.
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم، ئه‌مڕۆ له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئابووریدا، باس له‌وه كرا، كه له كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتبوو، ده‌سه‌ڵاتی ئیداری شۆڕبكرێته‌وه بۆ یه‌كه ئیدارییه‌كان. ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له ده‌سته‌ی وهربهرهێنانن شۆڕكرانهوه بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌كان له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی باشه، كاری هاووڵاتیان كه‌متر دێته هه‌ولێر و رۆتین كه‌م ده‌بێته‌وه و ئه‌و داهاته‌ی له پارێزگاكان كۆده‌كرێته‌وه باشتر كۆبكرێته‌وه.
ده‌مه‌وێت هه‌ندێك ورده‌كاری باس بكه‌م. ئێستا 200 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆمان هه‌یه جگه له نه‌وت. له‌و بڕه 97 ملیۆن دۆلاری هی گومرگه. %65ی هی هه‌ولێر و دهۆكه و %35ی هی پارێزگای سلێمانییه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه كرا، دادپه‌روه‌ری هه‌بێت و هه‌موو پارێزگاكان هه‌وڵبده‌ن داهات وه‌ك پێویست كۆبكه‌نه‌وه. هه‌روه‌ها 27 ملیۆن دۆلاری هی باج بوو، %83ی هی پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكه و %17ی هی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌یه و ئه‌و رێژه‌یه كه‌مه، كه له باج ده‌گه‌ڕێته‌وه. پێویسته هه‌موو پارێزگاكان وه‌ك یه‌ك هه‌وڵ بده‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی داهات.
ئێمه له‌م كاته‌دا، مانگانه 504 ملیۆن دۆلار ده‌ده‌ینه مووچه. به لێڕینی %21ه‌كه‌وه. له‌مه‌ش 200 ملیۆن دۆلاری هی داهاتی ناوخۆیه. داهاتی نه‌وتیش 335 ملیۆن دۆلار بووه. واته ئێمه له‌به‌رده‌م ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌ین. پێویسته مووچه‌خۆرانی كوردستان له‌وه تێبگه‌ن، به‌و داهاته‌ی هه‌مانه مووچه‌مان دابین كردووه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خه‌رجی دیكه‌مان هه‌یه، بۆ نه‌خۆشخانه و رێگه‌وبان و شاره‌وانی و فڕۆكه‌خانه و پاككردنه‌وه‌ی شاره‌كان و خزمه‌تگوزاری گشتیی و به‌ڕێوه‌چوونی حكومه‌ت و پڕۆژه‌كان، كه ئێستا به‌رده‌وامن. واته ئێمه نه‌وه‌ستاوین و هه‌وڵی چاكسازی و رێكخستنه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئ.ر