زەیدی: وڵاتەکەمان خاوەنی بڕیاری سەربەخۆیە و پارێزەری خاک و ئاسمانی خۆیەتی
"بڕیاری مێژووییی 30ـی ئەیلوول عێراقی خستە نێو قۆناخی سەروەریی راستەقینەوە"
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: عێراق لە 30ـی ئەیلوولدا لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گەیشتووەتە قۆناغی سەروەریی تەواوەتی. جەختی کردەوە کە، ئەمڕۆ عێراق دەوڵەتێکە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی، پارێزگاری لە خاک و ئاسمانی دەکات و سەرجەم چەکەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندان.
شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە بۆنەی رۆژی نیشتمانیی کۆماری عێراقەوە پەیامێکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و، وێڕای پیرۆزبایی، نەخشەڕێگەی قۆناخی نوێی سەروەری و ئاییندەی سیاسی و ئابووریی وڵاتی خستە روو.
زەیدی لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە رەهەندی مێژووییی ئەم رۆژە کرد و گوتی: لە 3ـی تشرینی یەکەمدا، یادی سەربەخۆییی عێراق و ناساندنی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەینەوە، کە یەکەمین دەوڵەتی عەرەبی بوو پەیوەندی بە کۆمەڵەی گەلانەوە کرد و پاشان بەشداری لە دامەزراندنی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد.
زەیدی سەبارەت بە ئەزموونی سیاسی، ئاماژەی بەوە کرد، ناسەقامگیریی سیاسی لە رابردوودا دەرفەتی زۆری گەشەپێدانی لە عێراق فەوتاند و وڵاتی دەگەڕاندەوە بۆ خاڵی سفر، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 عێراقییەکان ئەزموونی دەوڵەتێکی دیموکراسییان تاقی کردەوە و دەستوورێکی هەمیشەیییان پەسەند کرد کە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەچەسپێنێت.
سەرۆکوەزیران وەرچەرخانێکی مێژووییی rاگەیاند و گوتی: لە 30ـی ئەیلوولی 2026ـدا، دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، سەروەریی تەواوەتیی خۆی بەدەست هێنایەوە؛ عێراقی ئەمڕۆ دەوڵەتێکە خاوەنی تەواوی بڕیاری نیشتمانیی خۆیەتی، پارێزگاری لە خاک و ئاسمانی دەکات و چەک تێیدا تەنیا لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.
لە هەمان کاتدا پێداگریی لەسەر سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ کردەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و رێزی بەرامبەر دامەزرابێت و، بەرپرسیارێتیی پاراستنی عێراقی لە لێکەوتەی ململانێ هەرێمییەکان دووپات کردەوە.
سەرۆکوەزیران جەختی لە درێژەدان بە ریشەکێشکردنی گەندەڵی، پاراستنی سامانی گشتی و چەسپاندنی چاودێریی پێشوەختە کردەوە و گوتی: "بە یەکڕیزیی گەلی عێراق و تەباییی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، لە قۆناخی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانەوە دەڕۆین بەرەو بونیادنانی داهاتووییەکی پڕشنگدار، چونکە بەرپرسیارێتیی ئێمە ئەوەیە سەروەری بکەینە دەروازەی چاکسازیی راستەقینە".