عێراق لە رێگەی کەشتییەوە نەوت هەناردە دەکات
کۆمپانیای گشتیی نەوتهەڵگرەکانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە ماوەی چەندان دەیەی رابردوودا، پرۆسەی گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بە کەشتییەکی زەبەلاحی جۆری (VLCC) بۆ دەرەوەی گەرووی هورموز ئەنجامی داوە، هاوکات جەختیکردەوە، کار دەکەن بۆ کڕین و بەدەستهێنانی کەشتیی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی قەیس، کۆمپانیای گشتیی نەوتهەڵگرەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) روونیکردەوە، بەگوێرەی راسپاردەکانی سەرۆکوەزیران و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی وەزیری نەوت، ئەو ئەرکەیان پێسپێردراوە تاوەکو بەشێک لە فرۆشتنی نەوتی عێراق لە شێوازی رادەستکردن لە بەندەری بەسرەوە بگۆڕدرێت بۆ گواستنەوە و رادەستکردن لە دەرەوەی گەرووی هورموز.
رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان دوای ئەنجامدانی چەندان گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان، توانیویەتی کەشتییەکی زەبەلاح لە جۆری (VLCC) دابین بکات دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدا بارکراوە و بەرەو دەرەوەی گەرووەکە گوازراوەتەوە، ئەمەش وادەکات کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) سوود لە دەرفەتی فرۆشتن و نرخێکی زۆر باشتر وەربگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتهەڵگرەکانی عێراق باسی لەوەش کرد رێنمایی و هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتی گونجاو لە زووترین کاتدا، تاوەکو حکوومەت کەشتیی گەورەی تایبەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو بکڕێت و ببێتە خاوەنیان. ئامانجی سەرەکیش لەم هەنگاوە بەهێزکردنی تواناکانی کۆمپانیاکەیە تا بتوانێت رکابەری لەگەڵ کۆمپانیا هاوشێوەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا بکات.
ئەم قسانەی عەلی قەیس، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتهەڵگرەکانی عێراق، دوای ئەوە دێت، باسم محەمەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەت هەوڵدەدەن تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر بۆ بەرژەوەندیی "کۆمپانیای کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق" دابین بکەن. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمپانیاکە و بەهێزکردنی تواناکانی لە گواستنەوەی نەوتی خاودا.
وەزیری نەوت جەختیکردەوە، خاوەندارێتیکردنی کەشتیی نەوتهەڵگری نوێ، پاڵپشتییەکی گەورەی پڕۆسەکانی هەناردەکردن دەکات و دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی قازانجی ئابووریی و زیادکردنی داهاتە داراییی دەوڵەت.