مه‌حموود عوسمان: كورد ده‌بێت خۆی بپارێزێت
مه‌حموود عوسمان

K24 – هه‌ولێر:
مه‌حموود عوسمان، كه‌سایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری كورد، له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24"دا رایگه‌یاند، پێویسته كورد پشت به ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان نه‌به‌ستێت، چونكه ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا دانی به كورددا نه‌ناوه وه‌ك میلله‌تێك، كه مافی چاره‌ی خۆنووسینی هه‌بێت و له ریفراندۆمدا بینیمان هه‌ڵوێستیان چۆن بوو. گوتیشی: ناكرێت كورد باجی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بدات، كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌تی و پێویسته باڵانسێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له ئێران و ئه‌مه‌ریكا درووست بكات. چونكه ئێران ده‌توانێت زیان له كوردستان بدات و له به‌غداش ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، مه‌حموود عوسمان گوتی: ئێستا حه‌شدی شه‌عبی حوكم ده‌كات. كازمی هیچی به‌ده‌ست نییه. ره‌وشێكی خراپتر درووست ده‌بێت. ئه‌مه‌ریكا راسته لێره‌یه، به‌ڵام شتێكی وا گرنگی بۆ عێراق نه‌كردووه، ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی بپارێزێت
ده‌قی گفتوگۆی فه‌رهاد ره‌سووڵ، بێژه‌ری ژووری هه‌واڵ و كه‌سایه‌تی سیاسه‌تمه‌داری كورد مه‌حموود عوسمان
كوردستان24: كه‌تائیبی سهیدولشهوههدا هه‌ڕه‌شه ده‌كات، ئایا پێكدادانی ئه‌مه‌ریكا و میلیشیاكان بووه‌ته حه‌تمی؟
مه‌حمود عوسمان: هه‌وڵده‌ده‌ن هه‌ڕه‌شه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن. سه‌ر به ئێرانن و نایشارنه‌وه. شوێنكه‌وته‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهن. داوای ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن له عێراق. ئه‌و شیعانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتیشن پشتیوانیان ده‌كه‌ن. له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به ده‌نگدان ده‌ركردنی ئه‌مه‌ریكایان په‌سند كرد. ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستێكی روونی نییه، بتوانێت له ئاستی خۆیان بیانوه‌ستێنێت. له رووی سه‌ربازییه‌وه شتێكی ئه‌وتۆ بۆ به‌رگری له خۆیشی ناكات، نه‌ك له خه‌ڵكی دیكه. له ڤیه‌ننا خه‌ریكن بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران رێكبكه‌ون. هه‌ڵوێستی ئێران توندتره و ئه‌مه‌ریكا نه‌رمه. هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا هی ئه‌وه نییه پشتی پێ ببه‌سترێت. ده‌ڵێن له رێی دیپلۆماسییه‌وه چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین. ئه‌و رێگه‌یه‌ش ئاسان نییه.
پرسیار: هه‌رێم ده‌بێت چی بكات، چۆن خۆی بپارێزێت و له‌و شه‌ڕه‌وه نه‌گلێت؟
مه‌حموود عوسمان: هه‌میشه وتوومه، كورد ده‌بێت خۆی بپارێزێت. پشت به ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان نه‌به‌ستێت. سه‌لمێنراوه، ئه‌وانه نه دانیان به كورددا ناوه وه‌ك میلله‌تێك، نه بڕوایان به‌وه هه‌یه، كه كورد میلله‌تێكه مافی چاره‌نووسی هه‌یه. له سه‌ره‌وه به ره‌زامه‌ندی ئه‌مه‌ریكا توركیایان تێبه‌رداوین، له خواریشه‌وه میلیشیاكان چه‌ند جارێك په‌لاماری هه‌ولێریان داوه و هه‌ڕه‌شه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ریكاییه‌كان هیچ ناكه‌ن. پێویسته كورد باڵانس له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران له رووی په‌یوه‌ندییه‌كانییه‌وه بپارێزێت. ئه‌مه‌ریكا دووره و ئێران نزیكه و ده‌توانێت زۆر زیانت لێ بدات. ئێران له به‌غداش رۆڵی له حوكمدا هه‌یه. ده‌بێت وریا بین، له بری ئه‌وه‌ی به دوای ئه‌مه‌ریكاوه بین و پشتی پێ ببه‌ستین، باجی ئه‌وه نه‌ده‌ین، كه لێمان بده‌ن و چونكه ئێستا به ئاشكرا باسی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
پرسیار: ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان كشایه‌وه، تاڵیبان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، وڵاته‌كه به ته‌واوی ناكه‌وێته ده‌ست میلیشیاكان؟
مه‌حموود عوسمان: به كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و بێگانه‌كان، ئێران زیاتر باڵاده‌ست ده‌بێت. ئێستا حه‌شدی شه‌عبی حوكم ده‌كات. كازمی هیچی به‌ده‌ست نییه. ره‌وشێكی خراپتر درووست ده‌بێت. ئه‌مه‌ریكا راسته لێره‌یه، به‌ڵام شتێكی وا گرنگی بۆ عێراق نه‌كردووه، ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی بپارێزێت. ئه‌گه‌ر بكشێنه‌وه ره‌وشه‌كه زیاتر ده‌كه‌وێته ده‌ست میلیشیاكان و ئێران و كێشه‌مان زیاتر ده‌بێت.
پرسیار: ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌و میانه‌یه‌دا نایه‌ته ئاراوه؟
مه‌حموود عوسمان: داعش سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. له هه‌ندێك شوێن په‌لامار ده‌ده‌ن و تاوان ده‌كه‌ن. ئێستا له خزمه‌تگوزارییه‌كان ده‌ده‌ن، له كاره‌با و ئاو ده‌ده‌ن. به‌ڵێ ده‌یقۆزنه‌وه. كرده‌وه‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن. بوونی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان دژی داعش گرنگه، ئه‌وه نه‌ما، زیاتر دێنه پێش، به تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی خۆیشیان دژی حه‌شدن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌ك هه‌یه جارێكی دیكه داعش بێته‌وه ئاراوه و مه‌رج نییه ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست.
پرسیار: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا كشایه‌وه كورد ده‌بێت چی بكات و ئه‌گه‌ره‌كانی چین؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ میلیشیاكان هه‌مانه له بودجه‌وه سه‌یر بكه، چاره‌سه‌ر نابن. من وتم ئه‌مه‌ریكا دانی به كورددا نه‌ناوه وه‌كو میلله‌تێك و هه‌ق نییه ئێمه پشتی پێ ببه‌ستین. ریفراندۆمیش زۆر دوور نییه و بینیمان هه‌ڵوێستیان چی بوو، نابێت ئێمه باجی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بده‌ین. خۆی ناتوانێت به‌رگری له خۆی بكات و خۆی پشی پشی بۆ ئێران ده‌كات تا له‌گه‌ڵی رێكبكه‌وێت.