سوننەکان کاندیدەکانیان یەکلا دەکەنەوە
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، لایەنە سوننەکان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا کاندیدەکانیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتە بەتاڵەکان یەکلا دەکەنەوە، و بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدی بدات.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کوتلەی سوننەکان کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری. بەپێی گوتەی عیساوی، تا ئێستا بەهێزترین کاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران محەمەد تەمیمە.
دەربارەی پشکی هاوپەیمانیی عەزم، فەیسەڵ عیساوی ئاماژەی بەوە کرد، بەرکەوتەی هاوپەیمانێتییەکەیان دوو وەزارەتە لە کابینەکەدا؛ بۆ ئەو مەبەستەش محەمەد عەلی بۆ وەزارەتی پلاندانان و زەید عەلی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کاندید کراون.
پەرلەمانتارەکەی عێراق جەختی کردەوە، سیڤی سەرجەم کاندیدەکان رادەستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران کراوە و بڕیارە رۆژی دووشەممە بگاتە دەست دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت رۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەکان بەڕێوەبچێت.
ئەم هەوڵانە بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت لە کاتێکدایە، لە 14ی ئایاری ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزیری کابینەکەی عەلی زەیدی بەخشی و 9 وەزارەت بە بەتاڵی مانەوە، دوای ئەوەی کاندیدی چوار وەزارەت لە دەنگداندا رەتکرانەوە و پێنج کاندیدیش نەخرانە دەنگدانەوە.