سەلیم روکابی: کۆبوونەوەکانی تورکیا و عێراق سەرنج دەخەنە سەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نەوت و گاز

شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری نەوت لە ئەنقەرەیە و لەگەڵ تورکیا دەستیان بە دانوستان کردووە بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی ستراتیجی لە بواری نەوت و گازدا؛ وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن لە رێگەی بەهێزکردنی بۆرییەکانەوە بەندەری جەیهان بکەنە بەدیلی سەرەکی بۆ گەرووی هورمز.

باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق و ئاڵپ ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، لە ئەنقەرە دەستپێکردنی گفتوگۆ فەرمییەکانیان لەبارەی داڕشتنی رێککەوتننامەیەکی گشتگیری چوارچێوەیی بۆ هاوکاری لە کەرتەکانی نەوت، گاز و وزەدا راگەیاند.

سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەو بارەوە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەنقەرە سەرنج دەخەنە سەر پتەوکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە بواری پەرەپێدانی ژێرخانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی، و بازرگانیکردن بە نەوت و گاز بە جۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتدا بێت.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم دانوستانانە فراوانکردنی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە لە رێگەی بەندەری جەیهانی سەر دەریای ناوەڕاستەوە، تاوەکو ببێتە جێگرەوەیەکی پارێزراو بۆ هەناردەکردن لەبری گەرووی هورمز کە بەردەوام مەترسیی ئەمنیی لەسەرە.

شاندی عێراق نوێنەرایەتییەکی باڵای کەرتی نەوتی لەخۆگرتووە بە بەشداریی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دەرهێنان و بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆمپانیای پڕۆژە و هێڵەکانی بۆڕی و فەرمانگەی گرێبەست و مۆڵەتە نەوتییەکان؛ ئەمەش وەک هەوڵێکی جددی بەغدا و ئەنقەرە دادەنرێت بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی نوێ و سەقامگیر بۆ گەیاندنی وزەی عێراق بە بازاڕەکانی ئەوروپا و جیهان.