بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک: كابینەی نۆیەم پڕۆژه‌یەکی زۆری له‌ بواری گەشتوگوزار دروست کردووە

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی (20) هەزار گەشتیار هاتبوونە پارێزگای دهۆک دوای راگەیاندنی پڕۆژەی (چیای زاوا) ژمارەی گەشتیاران لە (85) هەزار تێپەڕیکرد

دکتۆر خەیری ‌‌عەلی ئۆسۆ/ بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک
دکتۆر خەیری ‌‌عەلی ئۆسۆ/ بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژه‌یەکی زۆری وه‌به‌رهێنان، له‌ بواری گەشتوگوزار دامه‌زراون، كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژێرخانی ئەم کەرتە و ژێرخانی ئابووری هه‌رێم ده‌بێت.

لەمبارەیەوە، دکتۆر خەیری ‌‌عەلی ئۆسۆ، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، رایگەیاند، لە تەواوی جیهاندا کەرتی گەشتوگوزار، بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری،  ئێجگار گرنگە، دوای دوو ساڵی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی تەواو بە بواری گەشتوگوزار دراوە.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، راشیگەیاند، بەئامادە بوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (چیای زاوا)ی گەشتیاری، وەک گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەکە، لە پارێزگای دهۆک کرایەوە، بێگومان کاریگەری دەبێت بۆ سەر پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار، لەم دەڤەرە.

روونیشیکردەوە: کۆرۆنا زیانی گەورەی بە کەرتی گەشتوگوزار گەیاند، لە دوای کەمبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، پڕۆژەی (چیای زاوا) لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرایەوە، بووە هۆی بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، کە رەوشێکی نوێ لەو پارێزگایە دروست بوو.

بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، جەختیکردەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، گرنگیەکی تەواو بە کەرتی گەشتیاری دەدات، کاریگەری بۆ سەر کەمکردنەوەی بێکاری دەبێت، دەبێتە هۆکاریکیش بۆ راکێشانی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی ‌‌‌‌عێراق، ئاسانکردنی پرۆسەی هاتوچۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق، کە لە لایەن کابینەی نۆیەمی حکومەت کاری بۆ دەکرێت، بێگومان سوودی باشی دەبێت بۆ سەر پەرەپێدانی ئەو کەرتە گرنگە.

خەیری ئۆسۆ، روونیشیکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تاوەکو مانگی حوزەیرانی رابردوو، نزیکەی (20) هەزار گەشتیار هاتبوونە پارێزگای دهۆک، دوای راگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە، ژمارەی گەشتیاران لە (85) هەزار تێپەڕیکرد، پێشبینیش دەکەین بۆ مانگەکانی داهاتوو، ئەم ژمارە بەرزتر بێتەوە.

بەرێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک، جەختی کردەوە، ئێمە لە گەشتوگوزاری دهۆک، ستراتیژی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزارمان لە پارێزگای دهۆک داناوە، دەستمان بە جێبەجێکردنیشی کردووە، چەند قۆناغێکمان بڕیووە، کە کار لەسەر ئەوە دەکرێت، سەرنجی گەشتیاری ئەوروپی و عەرەبی رابکێشین بۆ لای هەرێمی کوردستان، کە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

ک.ب