شاره‌زایه‌كی سیاسیی: پێویسته كورد له رۆژئاوای كوردستان سیاسه‌ت بكات نه‌ك حزبایه‌تی
له به‌یانی كۆتایی دانووستانه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕیوه و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن رژێم بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه
K24 – هه‌ولێر:
شاره‌زای سیاسی د. زازا ساڵح، له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24، ره‌خنه‌ی له ئه‌دای ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژئاوای كوردستان گرت و رایگه‌یاند، ناوچه‌كه له به‌رده‌م گۆڕانكاری گه‌وره‌دایه و ئێستا كاتی یه‌كبوونی كورده، نه‌ك په‌رته‌وازه‌یی.
د. زارا ساڵح، گوتی: دوای كۆبوونه‌وه‌ی مانگی رابردووی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، جۆ بایدن و سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن گۆڕانكاری زۆر به‌ڕێوه‌ن و پێویسته كورد خۆی بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه ئاماده بكات.
گوتیشی: گه‌ڕی شازده‌هه‌می دانووستانه‌كانی نورسوڵتان به داڕشته‌ی ئه‌ستانه به روونی له به‌یانی كۆتایی دانووستانه‌كان دژایه‌تی خۆیان بۆ ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕیوه و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن رژێم بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه.
روونیشیكرده‌وه، پێویسته كورد سیاسه‌ت بكات و واز له حزبایه‌تی بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت یه‌كبوونێكی نه‌ته‌وه‌یی درووست بكات.
