سەرۆکی حکومەت نزیکەی 4 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن-سلێمانی تەرخان دەکات
خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پلانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە
K24 – هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 3 ملیار و 850 ملیۆن دیناری بۆ پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن-سلێمانی تەرخان كرد.
وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند: "مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 3،850،000،000 دیناری بۆ پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن-سلێمانی، تەرخان كرد، پارەكەش بەشێوەی نەختینە و لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە قۆناغ خەرج دەكرێت".
ئاماژە بەوەشکراوە، بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ كراوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 3 ملیار و 850 ملیۆن دیناری تەرخان كردووە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی (پەرەپێدانی ئاوی دووكانی كۆن-سلێمانی)، بەو مەرجەی مانگانە تەنیا بڕی 200 تا 250 ملیۆن دینار لەو پارەیە بۆ پڕۆژەكە خەرج بكرێت".
وەزارەتی شارەوانی روونیکردووەتەوە: "خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە لە چوارچێوەی پلانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، بۆ پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە نزیكەی دوو ملیار دیناری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانی و فرۆشتنی زەوی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر خەرج كرا".