گوته‌بێژی پارتی له‌ باره‌ی "گرژییه‌كانی سلێمانی" روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

"گرژییه‌كان بوونه‌ته‌ هۆی دروستبوونی گرژی و بارودۆخێكی ناھەموار و، دڵەڕاوكێ‌ و نیگەرانی هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانی"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌حموود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ باره‌ی بارگرژیی و رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سلێمانی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا روونیكردووه‌ته‌وه‌، بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ره‌وشی ناوخۆیی "براده‌رانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌" هه‌یه‌.

وه‌ك له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا گوته‌بێژی پارتی ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، هیواخوازن كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڤه‌ری سلێمانی چاره‌سه‌ر بكرێن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

سەبارەت بە ڕوداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دەڤەری سلێمانی، كە بووە هۆی دروستبوونی گرژی و بارودۆخێكی ناھەموار و، دڵەڕاوكێ‌ و نیگەرانی هاوڵاتیانی ناو شاری سلێمانی و دەڤەرەكەی بەگشتی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنین، كە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی برادەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە هەیە و، هیوادارین چارەسەرییەكەی لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی بێت، بەشێوەیەک کە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی جەماوەرە خۆشەویستەکەی بڕەوێنێتەوە.

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

11ـی 7ـی 2021