هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی بڕینی كاره‌بای زیاده‌ڕۆ له شاری هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد
"سزاکانی ئه‌مجاره جیاوازن، ئەو سەرپێچیانەی کراون جگە لە تۆڕی نیشتیمانی کاره‌با، بۆ سەر پێوەری زیرەکیشە و کۆی سیستەمەکە دەخاتە مەترسییەوە"
K24- هه‌ولێر:
دوای ئاشكرابوونی ئه‌وه‌ی كه ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی پێوه‌ری زیره‌كیان بۆ كاره‌بای ماڵه‌كانیان به‌ستراوه، سه‌رپێچییان كردووه و به له‌كارخستنی پێوه‌ره‌كانیان زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته سه‌ر كاره‌بای نیشتمانی، تیمه‌كانی بڕینی كاره‌با ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی بڕینی كاره‌بای زیاده‌ڕۆ كردووه.
له‌وباره‌شه‌وه حوسێن حەمەد، بەڕێوبەری گشتی کارەبای ھەولێر سەرپێچی ھاوولاتیان لە پێوەری زیرەك بە مەترسی دەزانێت و جه‌ختیشی كرده‌وه، سزای قورس به‌سه‌ر سه‌رپێچیكاراندا ده‌سه‌پێنرێن و ھەڵمەتی بڕینه‌كه‌ش بەشێوەیەکی فراوان بەردەوام دەبێت.
تیمەکانی بڕینی کارەبای زيادەڕۆ کۆڵان بەکۆڵان دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ئەو سەرپێچیانە بدۆزنەوە کە کراونەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی، ئەندازیار کەمال عەلی، بەڕێوەبەری کارەبای دووی هه‌ولێر، کە سەرپەرشتیی ھەڵمەتەکە دەکات گوتی: ئەمجارە سزاکان جیاوازن، چونکە وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئەو سەرپێچیانەی کراون جگە لە تۆڕی نیشتیمانی کاره‌با، بۆ سەر پێوەری زیرەکیشە، کە کۆی سیستەمەکە دەخاتە مەترسییەوە.
لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا کە بڕینی کارەبای زيادەڕۆ دەستیپێکردووە، نزیکەی 20 ھەزار سەرپێچی تۆمارکراون و سه‌رپێچیكارانیش سزادراون، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ھەولێر ئاشكرایكرد، بەھۆی ئەو سەرپێچیانەوە لە 35-4%ی کارەبا لە تۆڕی نیشتیمانی بە فیرۆ ده‌ڕوا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، جۆره‌كانی زیاده‌ڕۆییكردنه سه‌ر كاره‌با جۆراوجۆران و زۆربه‌یان بريتين له نەبەستی کاتژمێر و پێوەر، دەستکاریکردنی کاتژمێر، دەستکاریکردنی پێوەر و دەستکاریکردنی مۆری پێوەر.
له‌م ئینفۆگرافیكهی كوردستان24ـدا، ژینۆ محه‌مه‌د ورده‌كاری زیاتر له‌و باره‌یه‌وه ده‌خاته‌ڕوو:
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگری پارێزگاری هه‌ولێر له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان24ـدا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته رایگه‌یاند، پارێزگاری هه‌ولێر خۆی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵمه‌تی بڕینی كاره‌بای زیاده‌ڕۆ ده‌كات و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌كانی قایمفامیهتی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاره‌بای هه‌ولێره‌وه له‌سه‌ر به‌دواداچوونه‌كانیان له سه‌رجه‌م گه‌ره‌ك و كۆڵانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به ته‌واوی رێگری له زیاده‌ڕۆییكردنه سه‌ر تۆڕی كاره‌با بكه‌ن.
داواشی له هاووڵاتییان كرد، به‌ر له‌وه‌ی لیژنه‌كان بگه‌نه لایان و به‌هۆی سه‌رپێچییه‌كانیان پێبژار بكرێن، خۆیان سه‌رپێچییه‌كانیان لاببه‌ن و ئه‌و زیاده‌ڕۆییه نه‌هێڵن، چونكه له كۆتاییدا بڕینی ئه‌و سه‌رپێچییانه له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیاندایه.