نێچیرڤان بارزانی پێشوازى لە کونسوڵى تازەى ئەمەریکا کرد
ههرێم خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیانە
K24 – ههولێر:
ئهمڕۆ نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە رۆبێرت پالادینۆ، كونسوڵى گشتیى تازەى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا نێچیرڤان بارزانى بەخێرهاتن و پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لە كونسوڵى گشتیى تازەى ئەمەریکا لە هەرێمى کورستان کرد، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و هەموو پشتگیرییەکى بۆ سەرکەوتنى ئەرکەکەى پیشان دا.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردسان بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا دەڕوانێت و خوازیارى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیانە و وەک هەمیشە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى لە عێراق و ناوچەکە دەبێت.
له بهرامبهردا كونسوڵى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان، وێڕاى خۆشحاڵى بە دەستبەکاربوونى، پەرۆشیى خۆى بۆ کارکردن و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشی لەگەڵ هەرێمى کوردستان پیشان دا و خواستى ئەمەریکاى بۆ بەردەوامیى پەیوەندییەکان و برەودان بە بوارەکانى هاوبەشى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.