دانيشتنه‌كانى خولى ده‌يه‌مى په‌رله‌مانى ئێران ده‌ستيان پێكرد

حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش ھیوای خواست كە حكومەت و پەرلەمان ھەماھەنگیان ھەبێت، بۆ ئەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت.

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d2ebf26e-92b7-434b-af4d-020274cc3438/xolinweiperleman.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران دەستبەكاربوو، لەرێورەسمی كردنەوەی خولی نوێدا ھەموو بەرپرسانی سەربازی و سیاسی ئێران بەشداربوون، حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش ھیوای خواست كە حكومەت و پەرلەمان ھەماھەنگیان ھەبێت، بۆ ئەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت.

زۆرینەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە هەر سێ دەسەڵاتەکە ئەمڕۆ لە کردنەوەی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێراندا بەشداربوون، ئوسوڵگەران و ریفۆرمخوازان و میانەڕەوەکان هەموویان لەرێورەسمەکە بوون، لە عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانییەوە بگرە، هەتا عەلی جەننەتی کە دوو رۆژ پێشتر کرایە سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی، لە لایەکی دیکەوە لە سوپا و ئەرتەشیش بە بەرزترین پلە بەشداربوون.

لێرە تەنیا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەشدارنەبوو، بەڵام خۆی نەهات، نامەکەی گەیشت.

خامنەیی لە نامەیەکدا بۆ رێورەسمی کردنەوەی خولی دەیەمی پەرلەمان کە بەرپرسی نووسینگەکەی خوێندییەوە جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر وڵاتانی رۆژئاوا و پەرلەمان و ‌حکوومەتی ئەرکدار کرد، کە ئەولەویەت بەشەڕی دژی ئیستکباری وڵاتانی رۆژئاواو لە سەرووی هەموویان ئەمریکا بدەن، ئەو قسەیەی ‌حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران زۆری پێخۆش نەبوو و هەر لەوێ ناڕاستەوخۆش بێت، وەڵامی نامەکەی رێبەری دایەوە.

‌لە خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێراندا ریفۆرمخواز و میانەڕەو و سەربەخۆکان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە و دوای هەشت ساڵ ئوسوڵگەرەکان کەمینەی پەرلەمان دەبن و لەرۆژهەڵاتی کوردستانیش شیاوی سەرجەم کاندیدەکانی بەرەی یەکگرتووی کورد لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور رەتکرایەوە و کوردان هەندێکیان وەکوو ریفۆرمخواز و هەندێکیش وەکوو سەربەخۆ توانیان دانیشتنیان بۆ 4 ساڵی داهاتوو لەسەر ئەو کورسییە سەوزانەدا مسۆگەر بکەنەوە.