"ئەگەری دەستوەردان متمانەی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نەهێشتووە"
کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن: رێگری لە هێرشی ئەلیکترۆنی دەکەین

K24 - هه‌ولێر:
پسپۆرێكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان رایگه‌یاند، ناتوانرێت رێگری بكرێت لە دەستوەردانی دەرەكی لە ھەڵبژاردنەكانی عێراق، ده‌ستوه‌ردانه‌كانیش لە رووی سیاسی و ئەلیكترۆنیەوە ده‌كرێن، كۆمیسیۆنیش باس لەوه دەکات، گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك كراوە بۆ رێگریكردن لە ھەر ھێرشێكی ئەلیكترۆنی.
بۆ ئەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەیەی عێراق، کە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، لە ھەر وێستگەیەكی دەنگدان ئامێری ئەلیكترۆنی بەكاردەھێنرێت، لە رووی كوالیتی و سیستەمی ھاككردنەوە لە چاو ئامێری ھەڵبژاردنەكانی پێشوو پێشكەوتووترن، كۆمیسیۆن خه‌ریكی تێستكردن ئامێره‌كانه و راھێنان بە كارمەندەكانی ده‌كات، ئامێرەكان لە رێگەی مانگی دەستكردەوە ئەنجامەكان دەدەنە نووسینگەی نیشتمانی، لە ناو بنكەكانیش رێگری لە ھەرساختەكارییەك دەكرێت، رێگریکردن لە ھەر ھێرشێكی ئەلیكترۆنی بۆ سەر ئەنجامەكان لە دەست كۆمیسیۆنی باڵایە.
بۆتان شێركۆ، یاریدەدەری ھونەری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربخۆی هه‌ڵبژاردن گوتی: "ئێمه ته‌نیا له رۆژی ده‌نگداندا ده‌توانین رێگری له‌و كه‌سانه‌ی بكه‌ین، كه كارتی ده‌نگدانیان پێ نییه، ده‌نگ بده‌ن، یان كارتی ده‌نگدانی كه‌سێكی دیكه به‌كاربهێنێت، به‌ڵام ئێمه هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی وامان نییه كه رێگری له هاككردن بكات".
لەم ھەڵبژاردنەش دەستێوەردانی دەرەكی ئەگەرێکی بەهێزە و هیچ گەرەنتیەکیش نییە ئامێری پێشكەوتوو رێگری لە ساختەكاری و دەستوەردانی وڵاتانی ھەرێمی بکات.
موه‌فه‌ق عادل، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان گوتی: "جگه له رووی سیاسییه‌وه، ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردان له رووی ئه‌لیكترۆنیشه‌وه هه‌یه، به تایبه‌تی وڵاته هه‌رێمییه‌كان، چه‌ندین ساڵه وڵاته هه‌رێمایه‌تییه‌كان كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن درووست بكه‌ن، ته‌نانه‌ت دوای هه‌ڵبژاردنیش ده‌ستوه‌ردان هه‌یه".
له به‌غدا، باڵیۆزى ئێران له عێراق و جینین پلاسخارت، نێرده‌ى تایبه‌تى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، تاوتوێى دوا پێشهاته‌كانى عێراقیان كرد، بەتایبەت ده‌ستوەردان له كاروبارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەو بڕوایەدان ناتوانرێت رێگری لە ھەر دەستوەردانێكی دەرەكی بكرێت، بە تایبەت وڵاتانی ھەرێمی، داواش دەکرێت له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئاسایشى عێراق بپارێزێت.
د.ی