عەرەبە هاوردەکان چاویان بڕیوەتە زەوی و زاری هاووڵاتییانی کورد
چارەنووسی 300 هەزار دۆنم زەوی کەرکووک یەکلایی نەکراوەتەوە
K24 - کەرکووک
سێ مانگە لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق راسپرادەیان داوە بە دەسەڵاتدارانی کەرکووک، کە رێگە بەهاتنی عەرەبی پارێزگاکانی دیکە نەدەن بێتە کەرکووک و لەسەر زەوی کوردەکان نیشتەجێ ببن، بەڵام عەرەبە هاوردەکان دەچنە دادگا و بەپاڵپشتی راکان جبوری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دێنەوە سەر زەوی کوردان.
کێشەی موڵکداری لە کەرکووک چارەسەرنەکراوە و تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت، بەجۆرێک لە دوای 16ی ئۆکتوبەری 2017ەوە چارەنووسی 300 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی یەکلای نەکراوەتەوە، عەرەب بە پاڵشتی هێزە سەربازییەکان دێنە سەر ئەو زەویانە و دەڵێن "دەبێت کوردەکان چۆڵی بکەن و بڕۆن ئەوە زەوی ئێمەیە".
سەرباری راگرتنی هەنگاوەکانی تەعریب بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، بەڵام عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هێزە سەربازییەکان و ئیدارەی سەپێنراوی کەرکووک هێشتا دەستیان لە تەعریب هەڵنەگرتووە.
ئەحمەد خدر، یەکێکە لە جوتیارانی کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "بە نووسراوی ساختە زەوییەکانمان داگیر دەکەن، لە هەڵبژاردن چۆن تەزویڕ ناکەن؟، هیوادارم سەرکردەکانی کورد ئاوڕێک لە کەرکووک بدەنەوە و با کەرکووک لە دەست نەدەین".
هێزەکانی عێراق ، ناو بە ناو دێنە سەر زەوی و زاری کوردەکان لە سنووری پەڵکانە و گوندەکانی سەرگەڕان، بەڵام خاوەن زەوی و زارەکان کۆدەبنەوەو رێگە نادەن هەنگاوەکانی تەعریب لەوێ جێبەجێ بکرێت.
محێدین کەرەم، یەکێکە لە جوتیارەکانی سنووری سەرگەڕان و دەڵێ: "ئێمە سینگمان ناوەتە بەر تەعریب، ئەگەر بەسەر ئێمەدا تێپەڕین، دەچنە شارەکانی دیکەش".
لەپێناو سەرکەوتنی پڕۆسەی تەعریب، عەرەبە هاوردەکان لەنێو پەڵکانە خێمەیان هەڵداوەو چاوی تەماحیان بڕیوەتە زەوی زاری هاووڵاتییانی کورد.
