کێ دەبێتە سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؟
هەڵگورد شێخ نەجیب، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی لە بارەی چارەنووسی پۆستی سەرپەرشتیاریی سەربەخۆی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمان کە لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتاری، بە فەرمی لە پۆستی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نەماوم، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا تەنیا ئەرکی من چاودێریی کارەکانی ئیدارەکە بووە، نەک سەرپەرشتیار.
گوتیشی: لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی بەڕێوەنەچوونی کۆبوونەوەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، چاودێریی بەڕێوەچوونی کار و پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەکەم کردووە و لەو ماوەیەشدا هەموو نووسراوە فەرمییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە واژۆی جێگری سەرپەرشتیاریی ئیدارەکە دەرچوون و کاروبارە ئیدارەییەکان رایی کراون، منیش تەنیا ئەرکی چاودێریکردنی کارەکانم کردووە.
لەبارەی هەڵبژاردەی پەرلەمانتاری یان سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: بەهۆی ئەوەی پەرلەمان تازە کارا کراوەتەوە و رەوتی یاسایی و کۆبوونەوەکانی نەکەوتووەتە سەر رێچکەی تەواو، بۆیە دیار نییە لە پەرلەمانتاری دەست لەکار دەکێشمەوە و دەگەڕێتەوە ئەرکی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سۆران یان نە.
سەبارەت بەوەی چ کەسایەتی و بەرپرسێکی دیکەی ئیداری سنوورەکە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: هێشتا ئەم بابەتە یەکلایی نەبووەتەوە و تا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەمێنێتەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دامەزراوەیەکی فەرمی بەڕێوەبردنە لە پارێزگای ھەولێر لە ساڵی 2021دا راگەیەندرا و ناوەندی ئیدارەکە سۆرانە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵگورد شێخ نەجیب وەک یەکەم سەرپەرشتیاریی ئەم ئیدارەیە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستبەکاربوو.
سنووری جوگرافیا و پێکهاتەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
• کارگێڕی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان و 13 ناحیە پێکهاتووە.
• رووبەر: 5,473 کیلۆمەتر دووجا.
• ژمارەی دانیشتووان بەگوێرەی ئاماری سەرژمێریی گشتیی 2025
296,591 کەس
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خاوەنی دوو دەروازەی سنووری نێودەوڵەتییە
- دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - رۆژهەڵاتی کوردستان
- دەروازەی نێودەوڵەتی زێد - باکووری کوردستان.