مەکگۆرک لە بەغدایە
سەردانی مەکگۆرک رانەگەیەندراو بوو

K24 - هەولێر
رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیدارەی بایدن بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا.
ئاژانسی هەواڵی بی بی سی بەریتانی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی بڵاویكردووەتەوە، برێت مەکگۆرک، رێکخەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیدارەی جۆو بایدنی سەرۆكی ئەمەریكا بە سەردانێكی رانەگەیەندراودا گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق.
سەرچاوەکە راگەیاندووە، سەردانەکەی مەکگورک هاوکاتە لەگەڵ سەردانی مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتیلاعاتی ئێران بۆ عێراق.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە لەم دواییانەدا هێرشى میلیشیاکان لە عێراق و سووریا دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ھەڵكشان بووە. پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ھۆشداری بە ئێران دابوو، كە پێویستە دەستبەجێ پشتیوانییەکانی بۆ ئەو میلیشیایانە بوەستێنێت.