له تویته‌ر چالاكانی عێراق داوای وه‌ڵامی به‌غدا بۆ ئێران ده‌كه‌ن
پێیان وایه نه‌بوونی كاره‌با و كه‌مئاوی عێراق په‌یوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌یه.
K24 – هه‌ولێر:
چالاكانی عێراق له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان داوای ده‌ركردنی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران له به‌غدا ده‌كه‌ن و پێیان وایه نه‌بوونی كاره‌با و كه‌مئاوی عێراق په‌یوه‌ندی به ئێرانه‌وه هه‌یه.
پێشتر به‌غدا رایگه‌یاندبوو، كۆماری ئیسلامی ئێران ئاوی له‌سه‌ر عێراق گرتووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر وا بڕوات عێراق ناچاره په‌نا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رێت.
وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق، مه‌هدی ره‌شید ئه‌لحه‌مدانی، رایگه‌یاند، ئێران رێگره له گه‌یشتنی ئاوی رووباره‌كان بۆ عێراق، به تایبه‌تی له سنووری پارێزگای دیاله.
گوتیشی: ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و رێسایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه.
هاوكات ئێران بڕی ئه‌و غازه‌ی ره‌وانه‌ی عێراقی كرد، بۆ نیوه كه‌می كردووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له عێراق كه‌مبێته‌وه، له كاتێكدا پله‌ی گه‌رما له عێراق به‌رز بووه‌ته‌وه.
له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، چالاكه عێراقییه‌كان به هاشتاگی ده‌ركردنی باڵیۆزی ئێران له عێراق داوای چوونه ده‌ره‌وه‌ی باڵیۆزی ئێران ده‌كه‌ن.