ته‌ندروستی عێراق هۆشداری له ڤایرۆسێك ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق هۆشداری له مه‌ترسی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون ده‌ده‌ات، كه له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه و ده‌بێته هۆی مردنی 60%ی تووشبووانی ئه‌و نه‌خۆشییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌ر و ڤاكسینێك تا ئێستا بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
هه‌سیه‌م عوبه‌یدی، به‌ڕێوه‌به‌ری پشتیوانی ته‌ندروستی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق گوتی: "له‌ماوی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا 3 حاڵه‌تی مردن به‌و نه‌خۆشییه تۆماركراوه، یه‌كێكیان له به‌غدا، دوو كه‌سی دیكه‌ش له پارێزگای زیقاڕ، له‌گه‌ڵ دوو حاڵه‌تی دیكه‌ی گومان‌لێكراو له ئه‌نباڕ".
گوتیشی: "له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی رۆژانی جه‌ژنی قوربان، پێویسته مه‌ترسی له نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوونی ڤایرۆسی له‌به‌رچاو بگرێن، كه له ئاژه‌ڵه ماڵییه‌كاندا بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه و ده‌بێته هۆی خوێنبه‌ربوون".
عوبه‌یدی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و نه‌خۆشییه له رێگه‌ی تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه ماڵییه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه، یان له رێگه‌ی گازگرتنی مێشووله، یان له رێگه‌ی سه‌ربڕینه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌وانه و ده‌مامك به‌كارنه‌هێنرێت و خوێن به‌ر هه‌ر كه‌سێك بكه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له مرۆڤیشه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستكاری برین و خوێنی كه‌سی تووشبوو بكرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاریگه‌رییه لاوه‌كییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، له هه‌فته‌ی یه‌كه‌م كه‌سی تووشبوو هه‌ست به نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزا ده‌كات، كه تووشی تایه‌كی توند، ژانه‌سه‌ر، رشانه‌وه، سكچوون، ژانی ماسولكه‌كان و ئێسك و جومگه‌كان ده‌بێت، هه‌فته‌ی دووه‌م زیاتر مه‌ترسیداره، كه تووشبووه‌كه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی جه‌سته‌ی تووشی خوێنه‌به‌ربوون ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش تووشی سكچوونی خوێناوی ده‌بێت، ئه‌مه تا 10 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و به مردن كۆتایی دێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری پشتیوانی ته‌ندروستی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق روونیكرده‌وه، كه تا ئێستا هیچ جۆره چاره‌سه‌رێك، یان ڤاكسینێك بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
د.ی