له رۆژی جیهانی دادپه‌روه‌ریدا داوایه‌ك له عێراق ده‌كرێت
"هه‌موو جیهان دڕندایه‌تی داعشیان به‌چاوی خۆی بینی و بووه هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی 18 وڵات و دامه‌زراوه‌ی جیهانی دان به‌وه‌دا بنێن، كه ئه‌وه‌ی داعش كردی، تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه"
K24- هه‌ولێر:
له 17 ته‌ممووز/ یۆلیۆی هه‌موو ساڵێك دامه‌زراوه دادوه‌رییه‌كان ئاهه‌نگی رۆژی دادپه‌روه‌ری تاوانكاری نێوده‌وڵه‌تی و ساڵیادی چوونه‌بواری جێبه‌جێكردنی سیسته‌می رۆمای بنچینه‌یی بۆ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێته‌وه، به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئێزیدی بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی كۆمه‌ڵكوژی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئێزیدی بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی كۆمه‌ڵكوژیدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، له رۆژی جیهانی بۆ دادپه‌روه‌ری تاوانكاری نێوده‌وڵه‌تی یادی قوربانیانی تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و چۆنیه‌تی له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و تاوانانه ده‌كه‌ینه‌وه، له‌گه‌ڵ چاودێریكردنی جیهانێكی ئازاد، كه به ئاشتی و دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری یاسا و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری نێوده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه و بووه‌ته هۆی پێكهێنانی ره‌گه‌زێكی به‌رده‌وامی ئاشتیی له سه‌رانسه‌ری جیهان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، "عێراق له‌ساڵی 2014 رووبه‌ڕووی شاڵاوی داعش بووه‌وه و هه‌موو جیهان دڕندایه‌تی ئه‌و تاوانانه‌ی به‌چاوی خۆی بینی، كه بووه هانده‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی 18 وڵات و دامه‌زراوه‌ی جیهانی و ده‌سته و لیژنه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دانیان به‌وه‌دا نا، كه ئه‌وه‌ی داعش ده‌رهه‌ق به خه‌ڵكی شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا كردی، تاوانی نێوده‌وڵه‌تییه".
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا نووسراوه، "به‌داخه‌وه ئیستا دادگاكانی عێراق هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كان بۆ سه‌یركردنی ئه‌و تاوانانه نییه، چونكه خاوه‌ن هیچ پێگه‌یه‌ك نییه له دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌كاتێكدا عێراق زۆرترین پێویستیی به راده‌ستكردنی تیرۆرستان به دادگا و گه‌یاندنی تاوانباران به سزای یاسایی خۆیان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی مافی قوربانیان وه‌ربگیرێته‌وه و له‌ڕێگه‌ی دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه".
جه‌ختیشیكرده‌وه، "ئێمه له دامه‌زراوه‌ی ئێزیدی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی كۆمه‌ڵكوژی داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، په‌له بكات له چوونه پاڵ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و موماره‌سه‌كردنی تایبه‌تمه‌ندی كات و شوێن، بۆ ئه‌وه‌ی مافی قوربانیان به‌هه‌ده‌ر نه‌چێت، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی راده‌ستكردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ی داعش به دادگای نێوده‌وڵه‌تی، كه تاوانی كۆمه‌ڵكوژییان ئه‌نجامداوه".
H.B