شەرقولئەوسەت: ئێران بنکەیەکی مووشەکی لە کوردستان دادهمهزرێنێت
K24 - ههولێر:
لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، چاپی ھەولێر ھاتووە، كە لە حەوتی ئەم مانگەوە، ئێران لە پارێزگای سلێمانی دەستی بە دروستکردنی گەورەترین بنکەی مووشەکی کردووە و ئەو بنكەیەش لە سەید سادقە، كە ناوچەیەكی ستراتیژییە و بەمەش ھەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی مووشەكیی ئێرانەوە.
لە ریپۆرتێكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، چاپی ھەولێر ھاتووە، لە 7ی ئەم مانگەوە، ئێران دەستی بە درووستکردنی گەورەترین بنکەی مووشەکی کردووە لە پارێزگای سلێمانی. بنكەكە لە سەید سادقە، كە ناوچەیەكی ستراتیجییە، ئەمەش تەواوی ھەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی مووشەكی ئێرانەوە. ھاوكات، فڕۆكە و كۆپتەرە ئێرانییەكانیش بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەكە دەفڕن و چاودێری دەكەن.
رۆژنامەوی "شەرقولئەوسەت" لە زاری ئەو سەرچاوانەوە رایدەگەیێنێت، ژمارەیەك لە ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ چاودێریکردنی پرۆژەكە لە نزیكەوە و هەنگاوەکانی ئەنجامدانی رۆژانە سەردانی بنکەکە دەکەن.
لە راپۆرتەكەشدا ھاتووە، بەر لە دەستپێكردنی پرۆژەكە، پاشەكشێ بە پێشمەرگەكانی پارتی كۆمەڵەی كوردستانی ئێران كراوە.
ھەروەھا لە راپۆرتەكەدا ئاماژەش بەوە دراوە، سوپای پاسداران دەستیکردووە بە تەواوکردنی تۆنێلێك کە هێزەکانی ئێران لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەستیان بە درووستکردنی کردبوو لە ناوچەکە و بەتەواوكردنی، ئەو تۆنێلە ئێران بە سلێمانی دەبەستێتەوە.
سەرچاوەکان دەشڵێن: "ئامانج لەو تۆنێلە گواستنەوەی سەربازان و چەکە بۆ ئەو بنکەیەی کە ئێران هەوڵی درووستکردنی دەدات".
لە راپۆرتەكەی "شەرقولئەوسەت"دا هاتووە: "ئامانجی سەرەكی پرۆژەكە رێگریكردنە لە دامەزراندن و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، لەو پێناوەش، ئێران ژمارەیەكی زۆر سیخوڕ و كارمەندی ھەواڵگریی و پاسەوانی شۆڕش "حەرەس سەوری" لە كوردستان و تایبەت لە پارێزگەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە جێگیرکردووە.
سەرەرای ئەوەش، ناوەندێكی سەر بە بنكەی رەمەزان لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی بوونی ھەیە و لەو ناوەندەوە سیخوڕ و كادیرەكانیان ئاراستە دەكرێن.
ھەروەھا، ژمارەیەكی زۆر ناوەندی دیکە ھەن، كە لە ژێر ناوی دامەزراوە، كۆمپانیای كەرتی تایبەت، كاری سیخوڕی لە ھەرێم، تایبەت لە سلێمانی ئەنجامدەدەن.
سەرەرای ھەبوونی یەكەی 400ی سەر بە سوپای قودس لەنێوان سنووری ھەرێمی كوردستان و ئێران، كە تایبەتن بە ئەنجامدانی ھەڵمەتی تایبەت دژی ھەر كەس و لایەنێك لەبەردەم بەرژەوەندییەكانی ئێران بوەستێتەوە.
لە راپۆرتی "شەرقولئەوسەت"ه چاپی ھەولێردا ئەوەش ھاتووە، بێجگە لەمە، ئێران زیاتر لە 9 سەربازگەی لە پیرانشار و شنۆ دروستکردوون، كە ھاوسنوورن لەگەڵ ھەرێم بە ئامانجی رووبەڕووبونەوەی ھێزە بەرھەڵستكارە كوردییەكانە.
ھەروەھا، لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە لێدوانی، "باران بێریكان" كراوە، كە ئەندامە لە ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، پژاك.
بێركان رایدەگەیهنێت، زیاتر لە ھەفتەیەكە، سوپا و ھێزە ئێرانییەكان جموجۆڵێكی زۆریان لە سەر سنوور ھەیە و مۆڵگە و بنكەكانیان لە چیای سوورێن رێكخستۆتەوە و چەك و تەقەمەنی زۆریان بۆ گواستووەتەوە.
ھەروەھا، بێركین، راشی گەیاندووە، ئەگەری زۆر ھەیە، لە گوندی سیناوا، كە شوێنێكی ستراتیژییە و رێگەی، مووشەكی 120 و چەكی قورس جێگیر كراون، كە ئەگەری زۆری ھەیە، ئەمە بنكەی مووشەكھاوێژ بێت و كوردستانیش ئامانجی سەرەكی بێت.
بە بۆچوونی ئەو سەركردەیەی پژاك، تەواوی پارێزگەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەكەونە ژێر كۆنتڕۆڵی مووشەكی ئێرانەوە.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش ھاتووە، كە ئێران ژمارەیەكی زۆری ھێزی خۆی بە درێژایی سنووری ھەرێمی كوردستان بڵاوکردووەتەوە، كە ئەمە دەكرێت دوو لەیەكدانەوەی بۆ بكرێت، یان ترسێكی مەزن، یانیش ئامانجی ھێرشێكی مەزنە.