مه‌سرور بارزانی دڵنیایی ده‌داته‌ كریستیانه‌كان

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، جەختی لە گرنگیی برەودان بە كولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق کردەوە و داوای کرد، كریستیانەکانی دەرەوە بگەڕێنەوە شوێنەكانیان و لە کوردستان خزمەت بکەن و دڵنیاییشیدا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ گەڕانەوەیان دەکات و مافەکانیان دەپارێزێت.

ھاوكات كاردینال لویس ساكۆ، پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان ستایشی ئەزموونی تەبایی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، کە نموونەیەکی گەشی لێبوردەیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانە لە ناوچەکەدا.

لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، ژمارەی كریستیانەكان لە عێراق كەمتر بووەتەوە، بە جۆرێك ئێستا تەنیا 300 هەزار كرستیان لە سه‌رانسه‌ری عێراقدا ماون، كە زۆربەیان لە هەرێمی كوردستانن.

لە ساڵی 1980 کریستیانەکان لە تەواوی عێراق ژمارەیان یەك ملیۆن و 500 ھەزار كەس بوو، كە 800 ھەزار لە پارێزگاكانی عێراق بوون و 700 ھەزاریشیان لە ھەرێمی كوردستان بوون.

لە ساڵی 2014 ژمارەی كرستیانەكان لە عێراق رۆژ بە رۆژ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ چوو، بەجۆرێك كە تەنیا 100 ھەزار كەسیان لە عێراق ماون و 300 ھەزار كەسیشیان لە ھەرێمی كوردستانن، واتە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا یەك ملیۆن و 100 ھەزار كرستیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و دەوروبەری عێراق كۆچیان كردووە.

هه‌ر لەو ماوەیەدا 24 كلێسا لە بەغدا داخراون و 60 ھێرشیش كراونەتە سەر كێلساكانی بەغدا.

هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا بەشێكی زۆر لە کریستیانی ئەو ناوچانەی ئاوارەی باشووری کوردستان کرد.

له‌م گرافیكه‌ی كوردستان24ـدا حاكم فه‌رهاد زانیاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو:

H.B