گردە درزبردووەکەی سۆران لادەبرێت

مەترسییەکان گەورەتر بوون و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەردانی شوێنەکەی کرد
درزبردنی زەوی لە رێگای کەمەربەندی سۆران
درزبردنی زەوی لە رێگای کەمەربەندی سۆران

K24 – سۆران

دوای ئەوەی کوردستان24 لە بەدواچوونێکدا مەترسی درزبردنی گردێکی لە رێگای کەمەربەندی سۆران خستەڕوو، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سەردانی شوێنەکەی کرد و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بەکارکردن دەکرێت بۆ لابردنی ئەو پارچەی گردەکە کە درزی بردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 19/7/2021، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە بە یاوەری شاندێک و قایمقامی سۆران سەردانی ئەو گردەیان کرد کە درزی بردووە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هەوڵدەدەین بە زووترین کات رێگەچارەیەک بدۆزینەوە بۆ لابردنی ئەو پارچەیەی گردەکە کە درزی بردووە و مەترسی دروستکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەوڵدەدەین رێگایەکی لاوەکی دروست بکەین و دەست دەکەین بە لابردنی ئەو گردە".

گوتیشی: "ئەندازیار و کارمەندانی پەیوەندیدار لە سۆران رادسپێرین بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی سۆران، لە چەند رۆژی داهاتوودا بە زووترین کات دەست بەکار بکەن".

بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە جەختیکردەوە: "لە قۆناغی یەکەم دا گردەکە لادەبرێت، دواتر چی پێویست بێت بۆی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە کەیسەکە دراوە بە کۆمپانیایەکی تایبەتمەند لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نەخشە دەدانێت، بۆ ئەوەی چارسەری یەکجارەکی بکەین".

هەڵگورد شێخ نەجیب، قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند: "پێش دەستکردن بە کاری لابردنی گردەکە، رێگایەکی لاوەکی دروست دەکەین، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی نەکەوێتە ناو سۆران. مەترسیەکە گەورەیە، لەبەر ئەوە هەوڵدەدەین بە زووترین کات دەست بە کارکردن بکرێت".

كوردستان 24 به‌دواداچوونی بۆ درزبردنی گردێكی رێگای كه‌مه‌ربه‌ندی سۆران كردو مه‌ترسی هه‌ره‌سهێنانی خسته‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی شاره‌زای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شوێنه‌كه‌ی كردو پشتڕاستی مه‌ترسیه‌كه‌ی كرده‌وه‌. دوای 14 ‌رۆژه‌ جارێكی دیكه‌ كوردستان24 به‌دواداچوونی بۆ شوێنه‌كه‌ كرد، ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رێگا سه‌ره‌كییه‌ كه‌ رێگای بازرگانی و گه‌شتیاری نێوان هه‌ولێری پایته‌خت و ئێرانه ‌و رێگای ده‌روازی سنوری حاجی ئۆمه‌ران و چۆمانە، درزه‌كه‌ به‌خێرایی جوڵه‌ی كردووه‌و مه‌ترسیه‌كه‌ زیاتر بووه‌.

شارەزایەکی زەوی ناس، دوای دوو هەفتە پێوانەی نوێ وەردەگرێ لەو درزەی لە گردێکی کەمەربەندی سۆران بووەتەوە، ئەنجامەکان مایەی نیگەرانین و چینە درز بردووەکە جوڵەی خێرای کردوە و ئەگەری هەرەسهێنانی زیادبووه‌.

ئەرکان عوسمان، مامۆستا لە بەشی جیۆلۆجی زانکۆی سۆران بە کوردستان24ی گوت: "دوو هەفتە پێش ئێستا سەردانی ئەو شوێنەمان کرد درزەکەی 110 سانتم بوو، ئێستا 5 سانتیم زیادیکردووە. پێشتر گوتمان چارەسەری ئەوەیە بە پارچە گردەکە لاببرێت، ئەگەر درزەکە زیاتر بێت ئەو چارەسەرەشی نامێنێ و دەبێ چاوەڕێ بکەین تا دەکەوێتە خوارەوە، بۆیە داواکارین پێش دابارینی باران چارەسەری خێرا بکرێت".

سەبارەت بە پێشنیازەکان بۆ چارەسەری ئەو گردەی درزی بردووە، بۆ ئەوەی مەترسییەکان نەهێڵێ خوسرەت سادق، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی رێگاوبه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سۆران دەڵێ: "یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوە بوو گردەکە لاببرێت، تێچووەکەشی کەمتربوو. ئامادەکاری دەکرێت، بۆ ئەوەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بودجەیەکی تایبەت بۆ چارەسەری ئەم گرفتە تەرخان بکات".

ه.م