ئەحمەد هۆشیار: کارکردن لە پرۆژەی گەراجە فرەنهۆمەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوامە

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم فڕۆکەخانەکەدا نییە و هەماهەنگییان لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە؛ جەختیشی کردەوە کە کارکردن لە پڕۆژەی گەراجی فرەنهۆمی ئۆتۆمبێل بەردەوامە.

هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، " تا ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری پێدانی دۆلاری بە بەهای فەرمی بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستپێنەکردووتەوە و نازانین کەی دەستپێدەکاتەوە".

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، لە هەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بوونەتە قوربانی فڕۆکەخانەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی پێدانی دۆلاریان لە ئێستا تەنیا بۆ ئەو فڕۆکەخانە بەدەست خستووە.

لەبارەی جووڵەی هێڵە ئاسمانییەکانەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند: کە هێڵی ئاسمانیی یۆرۆوینگس (Eurowings) دەستی بە گەشتەکانی بۆ هەولێر کردووەتەوە و هەفتانە 14 گەشت لە فڕۆکەخانەکەمان ئەنجام دەدات. 

هەروەها ئاشکرای کرد، هێڵی ئاسمانیی نەمسا (Austrian Airlines) لە رێکەوتی 14ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەست پێدەکات.

دەربارەی وێستگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی هێڵی ئاسمانیی نوێش، ئەحمەد هۆشیار روونی کردەوە، هێڵی ئاسمانیی سەلام ئێر (SalamAir)ـی سەڵتەنەتی عومان بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر زیاد کراوە و هەفتانە دوو رۆژ، لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەدا گەشت ئەنجام دەدات.

ئەحمەد هۆشیار سەبارەت بە پەیوەندی و هەماهەنگییان لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقدا گوتی: هەماهەنگیی نێوانیان زۆر باشە و هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا نییە. 

سەبارەت بە پڕۆژەی گەراجی فرەنهۆمی ئۆتۆمبێلیش لە ناو فڕۆکەخانەکەدا، ئەحمەد هۆشیار جەختی کردەوە، کە تا ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە؛ گوتیشی: بە تەواوبوونی گەراجەکە کێشەی هاتوچۆی پاسەکان و راگرتنی ئۆتۆمبێل بە یەکجاری چارە دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان راستەوخۆ تا نزیک تێرمیناڵ بێن.