تهنها یهك فراكسیۆنی كوردی بهشداری له كۆبوونهوهی پهرلهمان ناكات
سبهی پهرلهمانی عێراق كۆدهبێتهوه
K24 - ههولێر:
بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوەو سەرۆکی پەرلەمانیش ھەموو ھەوڵەکانی خستووهتەگەڕ بۆ ئەوەی ژمارهی یاسایی ئهندامان بۆ كۆبوونەوەكە تەواو بکات و سەرکەوتووبێت.
فراکسیۆنە کوردییەکانیش بڕیاریانداوە کە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەڵام فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی نەگەڕاوەتەوە بەغدا و بڕیاریداوە بەشداری نەکات، تورکمانەکانیش بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا ناکەن چونکە داوای چەند پۆستێك دەكەن.
تورکمانەکان کە خاوەنی ھەشت کورسی پەرلەمانن، لە ئێستاوە بڕیاریانداوە بەشداری لە دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەکەن، کە لەبارەی پرسی (چاکسازییە وزارییەکانی حکوومەتە تەکنۆکراتەکەی عەبادی) ئەنجامدەدرێت، چونکە ئەوان پێیان وایە وەك پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراق تەماشایان نەکراوەو پشکی خۆیان وەرنەگرتووە.
ئێستا ھەموو چاوەکان لەسەر بەشداریکردن و نەکردنی کوردە لە بەغدا، ھەرچەندە پەرلەمانتارە کوردەکان، دڵیان بە عێراق خۆش نییە و بەنیگەرانیەوە دەگەڕێنەوە، بەڵام پێدەچێت ئەم جارە فشارە ئابووری و نێودەوڵەتییەکان وایکردبێت کورد بیری لە گەڕانەوە کردبێتەوە، بۆ ئەوەی پشکی ھەبێت لەو قەرزانەی کە بە حکومەتی عێراق دەدرێت.
ئەم پەرلەمانتارە کوردەیش ھەرچەندە بڕیاری گەڕانەوەی داوە بۆ بەغدا بەڵام داوای لە سەرکردایەتی کورد کردووە ھۆکاری گەڕانەوەکەیان پێ بڵێت.
سەرباری ئەوەی لایەنە کوردییەکان بڕیاری گەڕانەوەیانداوە بۆ بەغدا، بەڵام فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریداوە کە بەشداری دانیشتنەکەی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەکات، چونکە پێیانوایە ئێستا کارتەکان بەدەست کوردەوهن و دەتوانن فشار بکەن بۆ دەستکەوتنی مافەکانی کورد لەبەغدا.