تەندروستی هاووڵاتییانی سنووری هەولێر ئاگادار دەکاتەوە
بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بڕیاردرا

K24 – هەولێر
تەندروستی هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، جارێکی دیکە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا تەرخانکرا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا، هاوکات فریاکەوتنی رۆژهەڵات و ئیمیرجنسی شوێنگرەوەی دەبن بۆ چارەسەری نەخۆشەکان.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاو و خێرای نەخۆشی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان، جارێکی تر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا تەرخانکرا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشانی کۆرۆنا".
ئاماژە بەوەشکراوە: "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراو دەتوانن سەردانی نەخۆشخانە فریاکەوتنی رۆژهەڵات بکەن و بۆ رووداوەکانی گولـلە، سوتان، رووداوی هاتووچۆ، برینکاری جوانکاری و نەشتەرگەری مێشك و دەمار دەتوانن سەردانی نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی بکەن، وەك شوێنگرەوەیەك بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشان".