سەرۆک بارزانی: هێرشەکەی سەر شاری سەدر ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە
سەرۆک بارزانی ئیدانەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر شاری سەدر لە بەغدا دەکات
K24 – هەولێر
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا ئیدانەی هێرشە تیرۆرستیەکەی سەر شاری سەدر لە بەغدا دەکات و رایدەگەیەنێت "ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە".
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە: "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەكەم كە دوێنێ لە بازاڕێكی شاری سەدر لە بەغدا كرایە سەر هاووڵاتیانی بێ تاوان كە لە ئەنجامدا دەیان هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون. ئەو تاوانە نیشانەی ئەوپەڕی بێویژدانی و نامرۆڤبوونی تیرۆریستانە كە لە ڕۆژی عەرەفە و لەو كاتەی خەڵك خۆیان بۆ پێشوازی لە جەژن ئامادە دەكرد تاوانێكی قێزەونی لەوشێوەیە ئەنجام دەدەن. ئەوانە دوژمنی ئایین و مرۆڤایەتی و پیرۆزییەكانن و، لە هەموو بەهایەك شۆراون و دەبێ باجی ئەو تاوانەیان بدەن".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی نووسیویەتی: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی ئەو كارەساتە دڵتەزێنە دەکەم. دڵم لەگەڵ خەم و ئازارەکەیانە و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم سەبر و ئارامیان پێ ببەخشێ و هیوای چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم".