وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌: ئه‌مه‌ریكا بۆ ساڵى 2022 مووچه‌ و هاوكارى دارایی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌  دابین ده‌كات

هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

عه‌مید روكن/ هه‌ژار ئیسماعیل
عه‌مید روكن/ هه‌ژار ئیسماعیل

K24 – هه‌ولێر:

عه‌مید روكن، هه‌ژار ئیسماعیل، نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌ دیالۆگى ستراتیژى ئه‌مه‌ریكا عێراق، بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، به‌شداریكردنى شاندى باڵاى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندى باڵاى حكومه‌تى عێراق، له‌ گفتوگۆی ستراتیژى نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، گرنگه‌، چونكه‌ له‌ رێكه‌وتنى ستراتیژى ساڵى (2008)، كورد به‌شدار نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ گرنگییه‌وه‌ شاندى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك به‌شێك له‌ شاندى باڵاى حكومه‌تى فیدڕاڵ، به‌شداریان له‌ گه‌ڕى چواره‌مى كۆبوونه‌وه‌كان كرد.

راشیگه‌یاند، ئێمه‌ وه‌كو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌شداریمانكرد له‌ كۆبوونه‌وه‌ى باڵاى په‌نتاگۆن، به‌ به‌شداری لایه‌نى عێراقى و هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نى ئه‌مه‌ریكایی،  بڕیاریاندا، له‌ هێزى شه‌ڕكه‌ره‌وه‌، ببنه‌ هێزی یاریده‌ده‌ر، كه‌ ئه‌ركیان بۆ هاوكاریكردنى هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، ده‌گۆڕێت.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا له‌ رووى راوێژ و هاوكاری لۆجستى و گۆڕینه‌وه‌ى زانیاری هه‌واڵگری، له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وام ده‌بێت، كاتێك لایه‌نى ئه‌مه‌ریكایی، به‌شداری هێزى پێشمه‌رگه‌یان، له‌ دیالۆگى ستراتیژى ئه‌مه‌ریكا و عێراق، به‌رز نرخاند.

ئاماژه‌شیپێكرد، دواى دیداری مسته‌فا كازمى و جۆ بایدن، له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ گۆڕینى ئه‌ركى  هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ راوێژكارى، كراوه‌، كه‌ سوپای ئەمەریکا، له‌ هاوكاری كردنى سوپاى عێراق و هێزى پێشمه‌رگه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌مه‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ساڵى (2022)یش، مووچه‌ هاوكارى دارایی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌  دابین ده‌كات، وێڕاى ئه‌وه‌ى رێكه‌وتننامه‌ى لێكتێگه‌یشتن له‌ نێوانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگرى  ئه‌مه‌ریكا (په‌نتاگۆن)، نوێده‌كرێته‌وه‌.

ک.ب

Fly Erbil Advertisment