لە ئەنقەرە هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد

ئەو خێزانە دایکێک و پێنج منداڵی بچووکن

K24 – ئەنقەرە

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا هێرشکرایە سەر خێزانێکی کورد، ئەو خێزانە کوردە کە لە دایک و پێنج منداڵی بچووک پێکهاتوون، لەلایەن ژمارەیەک نەژادپەرستی تورک، فشاریان خراوەتە سەر، بۆ ئەوە ماڵەکەیان جێبهێڵن.

پەیامنێری کوردستان24، لە ئەنقەرە رایگەیاند: "ئەو خێزانە کوردە خەڵکی ناوچەی گەڤەری باکووری کوردستانە و نیشتەجێی ناوچەی ئەلماداگ-ی ئەنقەرەن، شەوی رابردوو لەلایەن ژمارەیەک نەژادپەرستی تورک هێرشیان کراوەتە سەر و ئەشکەنجە دراون، داوایان لێکراوە دەبێ ناوچەکە جێبهێڵن".

بەهۆی ئەو فشارەی خراوەتە سەریان، ئەندامانی خێزانەکە ناتوانن بۆ میدیاکان بدوێن، پەیامنێری کوردستان24، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی پێوەکردون. بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان "ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر ئەو خێزانە کوردە دراوسێی ماڵەکەیانن و واژۆیان کۆکردونەتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ماڵە کوردە دەربکەن، بەو خێزانە کوردەیان گوتوە "ئێوە تیرۆرست و پیسن، دەبێ لێرە بڕۆن"، خێزانە کوردەکە پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانەوە کردووە بۆ ئەوەی بێن، بەڵام لەبەرچاوی هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردووەتە سەر خێزانە کوردەکە و ئەشکەنجەیان داون، ئەو خێزانە کوردەش بە ناچاری ماڵەکەیان جێهێشتووە".

ئەو ژنە کوردە کە خاوەنی ماڵەکەیە، تەمەن 38 ساڵییە و منداڵەکانی بچووکن، ئەو بە پاککردنەوەی ماڵان بژێوی ژیانی رۆژانەی دابینکردووە. ئەو بە پەیامنێری کوردستان24ی گوتووە "رۆژانە هەڕەشەمان لێدەکرا، بۆ ئەوەی ماڵەکەمان جێبهێڵین".

ئەمە لەکاتێکدایە لە ئەمساڵدا چەند خێزان و هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا رووبەڕووی هێرشی نەژادپەرستان بوونەتەوە.

ه.م