مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر كوژرانی خێزانه‌ كورده‌كه‌ی توركیا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

داوا ده‌كات ئه‌نجامده‌رانی هێرشەکە بە سزای خۆیان بگەن
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نیگەرانی خۆی لە هێرشەکەی سەر خێزانێکی کوردی شاری کۆنیا لە تورکیا راگەیاند و دەڵێت: "چاوەڕێی به‌ سزا گه‌یاندنی ئه‌نجامده‌رانی هێرشەکە دەکەین".

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە په‌یامێكدا كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویتەر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نووسیویەتی: "زۆر نیگەرانم لەو هێرشەی کراوەتە سەر خێزانێكی کورد لە کۆنیا، سەرەخۆشی قووڵی حکومەتەکەم بە کەسوکاری قوربانیان دەگەیه‌نم، پێشبینی دەکەم ئه‌نجامده‌رانی هێرشەکە بە سزای خۆیان بگەن".

رۆژی هه‌ینی 30ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2021، خێزانێكی كورد كه‌ له‌ 7 کەس پێكهاتبوون، له‌ شاری كۆنیای توركیا، له‌لایه‌ن توركه‌ نه‌ژادپه‌رسته‌كانه‌وه‌ هێرشیان كرایه‌ سه‌ر و كۆمه‌ڵكوژكران.

عه‌بدولڕه‌حمان كارابولوت، پارێزه‌ری ئه‌و خێزانه‌ كورده‌ تایبه‌ت بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، دوای ئازادكردنی هێرشكاره‌ نه‌ژادپه‌ره‌سته‌ توركه‌كان له‌ زیندان، جارێكی دیكه‌ هێرشكرایه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان خێزان و ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ كورده‌یان كوشتن، كه‌ له‌ حه‌فت كه‌س پێكهاتوون، له‌ناویان سێ‌ ئافره‌ت هه‌بوون.

هه‌روه‌ها گوتی: "دوای كوشتنی ئه‌و 7 كه‌سه‌، هێرشبه‌ران ئاگریان له‌ خانووی خانه‌واده‌ كورده‌كه‌ به‌ردا و ماڵه‌كه‌شیان سووتاند".