عێراق 100 کیلۆ زێڕ دەفرۆشێت
پلەیەک لە پلەبەندی یەدەگی جیهانی دابەزیوە
K24 - هەولێر
ئەنجومەنی جیهانی بۆ زێڕ بڵاویکردەوە، عێراق 100 کیلۆ زێڕی فرۆشتووە و بەمەش پلەیەک لە پلەبەندی یەدەگی جیهانی دابەزیوە. روونیشی دەکاتەوە ژاپۆن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕێکی زۆر زێڕی کڕیوە.
ئەو ئەنجومەنە لە نوێترین خشتەی بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ بڵاویکردووەتەوە، عێراق 100 کیلۆ زێڕی فرۆشتووە و یەدەگەکەی بۆ 96 تۆن و 300 کیلۆ زێڕ دابەزیوە، لە کاتێکدا یەدەگەکەی 96 تۆن و 400 کیلۆ بووە کە دەکاتە 9.1٪ کۆی یەدەگی جیهانی.
لە راپۆرتی ئەنجومەنەکەدا هاتووە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2020ـەوە عێراق هیچ بڕە زێڕێکی ئەوتۆی نەکڕیوە، بەوەش پلەبەندی عێراق لە ئاستی 38 بۆ 39 دابەزیوە.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەرازیل تەنیا لە مانگی رابردوو 41 تۆن زێڕی کڕیوە بەوەش پلەکەی لە 42 بۆ 32 بەرزبووەتەوە.
