له فهلوجه ژمارهيهك تونێلى داعش دهستيان بهسهردا گيرا
ژمارەیەک تۆنێل لە نزیک ئەو شارۆچکەیە دۆزراونەتەوە کە چەکدارانی داعش بەکاریانھێناون بۆ دەربازبوون لە ھێرشە ئاسمانییەکان.
K24 – ههولێر:
ھێزە عێراقییەکان بەردەوامن لە پاشەکشێپێکردنی چەکدارانی داعش لە دەوروبەری شاری فەللوجە و فەرماندە سەربازییەکانی عێراقیش ئاشکرای دەکەن کە ژمارەیەک تۆنێل لە نزیک ئەو شارۆچکەیە دۆزراونەتەوە کە چەکدارانی داعش بەکاریانھێناون بۆ دەربازبوون لە ھێرشە ئاسمانییەکان.
ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجە بەردەوامە و ھێزە عێراقییەکانیش لەگەڵ نزیکبوونەوە لە سەنتەری ئەو شارە، ژمارەیەک تۆنێل دەدۆزنەوە کە لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەکارھاتووە بۆ جموجۆڵ و خۆ حەشاردانەوە لە ھێرشە ئاسمانییەکان.
نزیکەی ھەفتەیەکە، ئۆپەراسیۆنی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار دەستیپێکردووە و ھێزە عێراقییەکان لە پێشڕەویدان، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوودا پێشڕەوییەکان خاوبوونەتەوە و جهنراڵی ھێزی ھاوپەیمانانیش لە عێراق ھۆشداری دەدات لەوەی شەڕی سەنتەری شاری فەللوجە رەنگە زەحمەتتر بێت لەوەی تا ئێستا بینراوە.
مەھدی نیعمە، فەرماندەیەکی سوپای عێراقه و لهو بارهيهوه گوتى: "لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای عێراق بە ھاوکاری حەشدی شەعبی دەستیانکردەوە بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی سەقڵاوییە و بەم شێوەیەش دەتوانین بەتەواوەتی چواردەورەی شاری فەللوجە بگرین و دواتر دەست دەکەین بە رزگارکردنی فەللوجە".
بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا نزیکەی 50 ھەزار دانیشتووی فەللوجە لە سەنتەری ئەو شارە گیریانخواردووە و چەکدارانی داعشیش رێگەیانپێنادەن لەنێو شارەکە ھەڵبێن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاشکرای کرد کە فەللوجەییەکان ھیچ شتێکیان بەدەست ناگات و ھەندێ کەس بەھۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
هاووڵاتييهكى دانيشتووى شارهكه گوتى: "ئێمە بۆ ماوەی سێ ساڵە لە ناو شار گیرمانخواردووە و تەنیا ئاوی گەرم و خورمامان پێ بوو. داعش زوو زوو دەیگواستینەوە. ھیچ شتێکمان نەبوو. ھیوای ئێمە تەنیا کۆتایی ھاتنە بەو نەھامەتی و ناخۆشییە".
فەرماندە سەربازییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی ئاشکرایان کردووە بەمەبەستی چوونە ناو سەنتەری شاری فەللوجە و کۆنتڕۆڵکردنەوەی، نزیکەی 20 ھەزار سەرباز ئامادەیە و حەیدەر عەبادیش رایگەیاندووە کە رزگارکردنی تەواوی ئەو شارە زۆر نزیکە.