ته‌ندروستی عێراق ئامارێكی نوێی كۆرۆنای راگه‌یاند
زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆ له شاری سلێمانی تۆماركرا
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تووشبوون، مردن و چاكبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای له‌سه‌رانسه‌ری وڵات به‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه راگه‌یاند و به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنینی پزیشكی بۆ 41 هه‌زار و 763 كه‌س ئه‌نجامدراوه و تووشبوونی 8 هه‌زار و 346 كه‌سی دیكه به په‌تاكه پشتڕاست كرایه‌وه. زۆرترین ژماره‌ی تووشبوونی ئه‌مڕۆش له شاری سلێمانی تۆماركرا، كه بریتییه له هه‌زار و 206 حاڵه‌ت.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا 57 كه‌س به‌هۆی په‌تاكه گیانیان له‌ده‌ستداوه، 9 هه‌زار و 53 حاڵه‌تی چاكبوونه‌وه‌ش له‌په‌تاكه راگه‌یه‌ندراوه.
تا ئێستا كۆی ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری عێراق تووشی په‌تاكه بوونه، ژماره‌یان گه‌یشته ملیۆنێك و 712 هه‌زار و 709 حاڵه‌ت، له‌و ژماره‌یه‌ش 19 هه‌زار و 203 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ملیۆنێك و 529 هه‌زار و 53 كه‌سیش به رێژه‌ی 89.3% به‌ته‌واوی چاك بوونه‌ته‌وه و 164 هه‌زار و 453 كه‌سیش له نه‌خۆشخانه‌كان له‌ژێر چاودێری پزیشكیدان، له‌و ژماره‌یه‌ش 931 كه‌س به‌هۆی ناجێگیری دۆخی ته‌ندروستییان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، تا ئێستا 2 ملیۆن و 157 هه‌زار و 112 كه‌س له سه‌رانسه‌ری عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه.