سێ تەقینەوە لە بەغدا روویاندا و زیاتر لە 20 كوژران

هێزە ئەمنییەکان رێگاکانی چوونە نێو ناوچەی سەوزیان داخستووە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ سێ تەقینەوە لە شاری بەغدا روویاندا و بەو ھۆیەوە زیاتر لە 20 كەس كوژران و زیاتر لە 50 كەسیش برینداربوون.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی عێراق رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لە یەکێك لە گەڕەکەکانی باکووری بەغدا 11 كەس کوژران و 18 ی دیکەش برینداربوون.

هاوکات لە ناوچەی نەهرەوان لە رۆژهەڵاتی بەغدا و نزیك لە ناوچەیەکی پیشەسازی بۆمبێکی چێندراو تەقییەوە و بووە هۆی گیان لە دەستدانی 6 کەس و ژمارەیەکیش برینداربوون.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، لە ناوچەی سەدریش ماتۆڕسیکلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە و بەهۆیەوە 4 کەس کوژران و 9 ی دیکەش برینداربوون.

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، بەهۆی ئەو تەقینەوەوانەوە هێزە ئەمنییەکان رێگاکانی چوونە نێو ناوچەی سەوزیان داخستووە.

لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەوە فەرماندە سەربازییەکانی عێراق رایانگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە هێرشە تیرۆریستییەکانی ناو بەغدای لاوازکردووە، بەڵام تەنها لە ماوەی هەفتەیەکی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا پێنج تەقینەوە لە بەغدا روویاندا.