تورکیا پێشنیاز دەكات لەگەڵ ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە سووریا ئەنجامبدەن

"مەرجی ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە"

K24 - ھەولێر

وەزیری دەرەوەی توركیا ئاشكرای دەكات، وڵاتەكەی پێشنیازی بۆ ئەمریكا كردووە لە سووریا ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجامبدەن.

مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند: "ئەنقەرە پێشنیازی بۆ ئەمریکا کردووە، ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ھاوبەش لە سووریا لە دژی داعش ئەنجامبدەن، بەڵام بە مەرجێك کە شەڕڤانانی یەکێنەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکات".

چاوشئۆغڵۆ ئەوەشی بە رۆژنامەنووسان گوتووە: "دەکرێ یەکەم ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ  کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی مەنبج بێت کە خاڵی سنووری نێوان تورکیا و رۆژئاوای کوردستانە و تا ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایە".

ھەروەھا ئەنقەرە ئەوەشی ئاشکرا کردووە: "دەکرێت وڵاتانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی وەك ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ھاوکاریی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی رژێمی ئەسەد بکەن، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەدیش بێنن".