ئێرانییەکان ناوی تاڵیبان بە ئیمارەتی ئیسلامی دەهێنن
وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەنیا چەندینجار پێشوازی لە شاندی تاڵیبان كردووە
K24- ههولێر:
پێشڕەوەییەكانی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەردەوامن و لە 3 رۆژی رابردوودا ھیرات و قەندەھاریشیان گرتووە، لەگەڵ پێشڕەوییەكانی ئەو گرووپە، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێشوازی لێكردوون و ئێستا بەشێك لە بەرپرسە فەرمییەكانی ئەو وڵاتە، ناوی ئیمارەتی ئیسلامیان لە تاڵیبان ناوە و پێیانوایە ئەو گرووپە گۆڕاوە و دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، لەگەڵ ئەوەش بەشێك لە بەرپرسانی ئێران گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە نیگەرانن.
تاڵیبان دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ ئێران کۆنترۆڵکردووە و ئێستا دوای کۆنترۆڵکردنی ھیرات و قەندەھار لە كابولی پایتەختی ئەفغانستان نزیك دەبێتەوە، پێشوەختەش كۆماری ئیسلامی ئێران بە گۆڕینی ناوی تاڵیبان بە ئیمارەتی ئیسلامی پێشوازی لەو پێشڕەویانە كردووە.
رەسووڵ موسەوی یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، كە ئیدارەی ھیرات كەوتووەتە دەست ئیمارەتی ئیسلامی و دەشڵێت بەڵێنی پاراستنی كونسوڵگەرییەكانیان لەلایەن تاڵیبانەوە پێدراوە.
سێ جار شاندی تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان لە تاران گفتوگۆیان كردووە، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە تەنیا چەندینجار پێشوازی لە شاندی تاڵیبان كردووە، ھاوكات لەگەڵ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمهریكا لە ئەفغانستان "ئەحمەد نادری" پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاند، كە تاڵیبان بزوتنەوەیەكی رەسەنی پەشتووەكانی ئەفغانستانە و ھەبوونیان رێگری دەكات لە بەھێزبوونی داعش لەو وڵاتە و ناوچەکەش.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران واقیعی ئێستای ئەفغانستانیان قبووڵكردووە و خەریكن پێشوەختە دان بە تاڵیبان دادەنێن، بەڵام بەگوتەی چاودێران، ئێران لە ھەبوونی حكومەتی تاڵیبان وەكو ھێزێكی تووندرەوی سوننە مەزھەب لەسەر سنوورەكانی نیگەرانە، "مەحمود ئەحمەدی نەژاد" سەرۆك كۆماری پێشووی ئێرانیش رەخنەی توندی لە كابینەی "حەسەن روحانی" گرتبوو، كه نزیكبوونەوە لە تاڵیبان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانە، چونكە بەگوتەی ئەو تاڵیبان بیر لە خوراسانی گەورە دەكاتەوە، كە بەشێكی لەسەر خاكی ئێرانە.
لەگەڵ ئەوەش نیگەرانییەكانی ئێران بە ھەڵوێستەكانیانەوە دیارە، ئەگەرچی لایەنە فەرمییەكان دەڵێن تاڵیبان، تالیبانەكەی جاران نییە و گۆڕاوە، بەڵام راگەیاندنەكانی ئێران رۆژانە لەدژی ئەو گروپە دەنووسن و باس لە ھەڕەشەكانی ئەو ھێزە بۆ سەر ئێران دەكەن.
د.ی