رووحانى گه‌يشته‌ ورمێ

حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، رووحانی لەوتارێكدا لە بەردەم خەڵكی ئەو پارێزگایە، رایگەیاند، كە قۆناغی سەقامگیركردنی ده‌رياچه‌ى ورمێ تەواوبووە و لە ئێستاوە بەدواوە دەبێ كار بۆ ئەوە بكەین، وەكوو جارانی لێبكەینەوە.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دوێنێ بڕيار بوو، ژمارەیەك لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و کەسایەتی ئاکادیمی پارێزگای ورمێ لەنامەیەکدا، داوا لە ‌حەسەن رۆ‌حانی سەرۆك کۆماری ئێران بکەن، ئەو بارودۆخە ئەمنییەی لەو پارێزگایه‌دا هەیە، کۆتایی پێبهێندرێت.

ژمارەیەك چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و کەسایەتی ئاکادیمی پارێزگای ورمێ، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ چوونی رووحانی بۆ پارێزگای ورمێ داوای لێدەکەن، ئاوڕی جدی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بداتەوە.

ئەو چالاکوانانەی ورمێ داوا دەکەن، ئەو بارودۆخە ئەمنییەی بەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای ورمێدا سەپێندراوە، کۆتایی پێبێت و لە جێگەی بە ئەمنیکردنی ناوچەکە هەنگاو بۆ بووژاندنەوەی ئابووری پارێزگاكه‌یان بدرێت.