رووحانى لهبهردهم پرسيارى خهڵكدايه.. چيتان كرد بۆ ورمێ
ئەمڕۆ لەكاتێكدا حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، یەكێك لە بەڵێنەكانی دێتەوە یادی دانیشتوانی ورمێ کە بەڵێنی بوژاندنەوەی دهرياچهى ورمێ بوو
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ لەكاتێكدا حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان، یەكێك لە بەڵێنەكانی دێتەوە یادی دانیشتوانی ورمێ کە بەڵێنی بوژاندنەوەی دهرياچهى ورمێ بوو، ئەو دهرياچهيهى دوا ھەناسەكانی دەدات و ھەموو ھەوڵەكانیش نەیانتوانیوە وەكوو رۆژانی رابردووی لێبكەنەوە.
دەریاچەی ورمێش چاوەڕێی هاتنی رۆحانییە. دووەم دەریاچەی سوێری جیهان و گەورەترین دەریاچەی ئێران و کوردستان، ساڵی رابردوو لە دوایین رۆژەکانی ژیانی نزیک بووەوە و یاسینیشی لەسەر خوێندرا.
دەریاچەیەک کە ئەگەر بە تەواوی وشک بێ، ژیانی دانیشتوانی پارێزگاکانی ورمێ و سنە، تەورێز، زەنجان و هەمەدان دەکەوێتە مەترسییەوە. کشتوکاڵی ئهو ناوچانە بە تەواوی لە ناو دەچێ و زیاتر لە 5 ملیۆن کەس ناچار بە کۆچکردن دەبن.
حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران، بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و لە سەردانێکدا بۆ شاری ورمێ بە مەبەستی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی بەڵێنی بە خەڵکی ورمێ دا چارەسەرکردنی کێشەی دەریاچەی ورمێ لە یەکەم رۆژی دەست بەکار بوونی کابینەکەیەوە کاری لەسەر بکرێت.
رووحانی بوو بە سەرۆک کۆمار و گرووپێک بۆ ژیانەوەی دەریاچەکە پێکهات. ئەگەرچی رووحانی لە ورمێ بەڵێنی دابوو خۆی بە بەردەوامی خەڵک لە رەوتی چالاکییەکانی حکوومەت بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ ئاگادار بکاتەوە، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، هیچ لێدوانێکی دیکەی لەسەر ئەم دەریاچەیە نەبووە.
رووحانی کە بەڵێنی دابوو زیاتر لە دوو ملیار دۆلار واتا حەوت هەزار ملیار تمەن بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ تەرخان بکات تا ئێستا تەنیا 700 ملیارد تمەنی بۆ ئەو پرسە دابین کردووە. کارەکانی گرووپی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بریتیبوون لە خاوێنکردنەوەی بەستێنی ئەو رووبارانەی دەڕژێنە ناو دەریاچەکە و داخستنی ژمارەیەک بیری نایاسایی لە دەوروبەری دەریاچەکە و گۆڕینی سیستمی ئاودێری بۆ بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ورمێ.
پارەیەکی زۆر خورا و هیچ ئاوێکیش لە هێچ دەریایەکی دیکەوە نەگوازرایەوە بۆ ورمێ و رەنگە ئەگەر زستانی رابردوو و بەهاری ئەمساڵ، کەرەمی ئاسمان و بەفر و بارانی زۆر نەبوایە دەریاچەی ورمێ هەناسەیەکی نوێی نەهاتبایەوە بەر، حەسەن رووحانی ئەم بەهارەش نەیتوانیبا سەردانی ورمێ بکات و وەڵامی پرسیاری خەڵکی ئەو دەڤەرە لەسەر نەقیمە فیرووزەیییەکەیان بداتەوە.