داوای ئاشکراکردنی غەنیمەی ئەمهریکا لە ئەفغانستان دەکرێت
له ماوهی 15 ساڵدا ئەمهریکا بە بڕی 28 ملیار دۆلار چەکی بەهێزەکانی ئەفغانستان بەخشیووە

K24- ههولێر:
کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمهریکا داوای ئاشکراکردنی ئەو توانا سەربازییەی وڵاتەکەیان دەکەن، کە لە ئەفغانستان وەکو غەنیمە کەوتووەتە دەستی چەکدارانی تاڵیبان، راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمهریکا ئاشکرایان کردووە، کە زیاتر لە 40 فڕۆکەی شەڕکەر و 2 هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی هامڤی و ژمارەیەکی زۆر لە چەکی سووك و مامناوەند کەوتووەتە دەستی چەکدارانی تاڵیبان.
ئەمهریکا ترسی لەوە هەیە ئەو توانا سەربازییە بەشێکی بکەوێتە دەستی داعش و کۆتایی بە بەرژەوەندییەکانی لەناوچەکە بێنێت، جگە لەوەی دەترسێت ئەو توانا سەربازییە لە سەرکوتکردنی رای ئازاد لە ئەفغانستان بەکاربهێنرێت.
15 ئەندامی ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمهریکا داوای ئاشکراکردنی غەنیمەی ئەمهریکا بەدەست چەکدارانی تاڵیبانەوە دەکەن، ئەو پازدە ئەندامە داوا لە "لوید ئوستن" وەزیری بەرگری وڵاتەکەیان دەکەن، کە خشتەی ئەو چەکانە و توانا سەربازییەكانی ئەمهریکا ئاشکرا بکات، کە کەوتووەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، پێش ئەوەی ئەو توانایە لە کردەوەی تیرۆریستی بەکاربهێنرێت.
هەروەها داواشیان کردووە، ئەو پێشبینیانە ئاشکرا بکرێن، کە رووسیا و چین تا چەند دەتوانن پشتیوانی تاڵیبان بکەن لە بەکارهێنانی ئەو توانا سەربازییە لە رووی تەکنیکییەوە، کە لە ئەفغانستان کەوتووەتە دەست چەکدارانی تاڵیبان.
لەوبارەیەوە "مایکل ماکول"، ئەندامی کۆمارییەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، داعش چەکێکی زۆری ئەمهریکی دەستی هێزەکانی ئەفغانی کەوتووەتە دەست، ئەوەش دەبیتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی ئەمهریکا و هاوپەیمانەکانی.
بەرپرسانی ئەمهریکا ترسی ئەوەیان هەیە، ئەو چەکانە بۆ سەرکوتکردنی رای ئازاد بەکاربهێدرێن، وێڕای ئەوەش دەترسن ئەو چەکانە بکەونە دەستی چەکدارانی داعش و بەرژەوەندییەکانی ئەمهریکا رادەستی رووسیا و چین بکەن.
بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی دەزگای هەواڵگری ئەمهریکا، دوو هەزار زریپۆشی جۆری هامڤی و 40 فڕۆکەی شەڕکەر، کە لە جۆری فڕۆکەی "یو ئێج 60 بلاک هاوك"ـە، لهگهڵ چەندین هێلیکۆپتەری شەڕکەری جۆری "سکان ئێیگڵ" کەوتوونەتە دەستی چەکدارانی تاڵیبان. هەروەها بەپێی داتایەك لەنێوان ساڵانی 2002 تاوەکو ساڵی 2017 ئەمهریکا بە بڕی 28 ملیار دۆلار چەکی سووك و مامناوەندی بەهێزەکانی ئەفغانستان بەخشیوە.
هەروەها نووسینگەی ژمێریاری حکومەتی ئەمهریکا ناسراو بە "گاو" ئاشکرایکرد، لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو ساڵی 2016 ئەمهریکا 208 فڕۆکەی بۆ هێزەکانی ئەفغانستان دابینکردووە، لەدوای هێرشی چەکدارانی تاڵیبانیش بۆ سەر ئەو وڵاتە، 40 بۆ 50 فڕۆکە گواستراونەتەوە ئۆزبەکستان و فڕۆکەوانەکان داوای مافی پەنابەریان کردووە.
د.ی