قوباد تاڵەبانی پلانی حكومەتی بۆ وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت و هەلیكار خستەڕوو

"لە کابینەی نۆیەمدا 860 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە کە 48 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنن"

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەمیانەی بەشداریكردنی لە‌ پڕۆژە‌ی TECHFEST بۆ كێبڕكێی تە‌كنە‌لۆجیا له‌ سلێمانی، رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا 860 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە کە 48 هەزار هەلیکار دەڕەخسێنن و پلانی حكومەتیش ئەوەیە 100 جۆر خزمەتگوزاری بكاتە ئەلەكترۆنی.

قوباد تاڵەبانی، لە میانەی وتارێکیدا لە پڕۆژەی TECHFEST بۆ كێبڕكێی تە‌كنە‌لۆجیا كە ئەمڕۆ (21ی ئابی 2021) لە سلێمانی پێشكەشی كرد، ڕوونیكردەوە پلانی حکومەت ئەوەیە هەماهەنگی تەواو لەنێوان حکومەت و ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن و کەرتی تایبەتدا دروست بکات و رایگەیاند: بە بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا دەتوانین وڵات پێش بخەین و ژێرخانی ئابوری بەهێز بونیات بنێین و هەلی کاری پێویستیش دروست بکەین.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد بە دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەم سێ کەرتەدا لە داهاتوودا لەلایەکەوە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاكان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و لەلایەکی دیکەشەوە بە کارئاسانیکردنی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت ئاستی وەبەرهێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.

جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەدا تەنها لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی کابینەی نۆیەمدا مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە بە 860 پڕۆژە کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکان 48 هەزار هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان دروست دەبێت.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد کە بەداخەوە تا ئێستا پاراستنی فەرمانبەر لە کەرتی تایبەت زۆر لاوازە، هەربۆیە حکومەت تەنها بە دروستکردنی هەلی کار ناوەستێت، بەڵکو بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەت بەرنامەی هەیە هەموو ئەو شایستەیەیانەی فەرمانبەرانی حکومەت لە خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیانە، فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە.

لە بەشێکیتری وتەکانیدا جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لە پرۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت کرد و ڕایگەیاند متمانەی تەواوی بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش بە گەنجان هەیە و لە بەشێکی گەورەی پرۆسەی بە ئەلەکترۆنی کردنی حکومەت پشت بە توانای گەنجانی کورد و کۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد کە وەک دەستپێک لە پڕۆسەی بە ئەلەکترۆنیکردنی حکومەت 100 جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان کراوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەی ئەلەکترۆنی پێشکەشی هاوڵاتیان دەکرێت وبەمەش کارئاسانییەکی گەورە بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت لە خێرا راپەڕاندنی کاروبارەکانیان.