سیروان بارزانی: مووچەی پێشمەرگە ناگاتە نیوەی مووچەی سوپای عێراق

سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە

فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا. هاوکات رەخنەی لە نایەکسانیی دابەشکردنی شایستە داراییەکان گرت و رایگەیاند: مووچەی پێشمەرگە ناگاتە نیوەی مووچەی هاوتاکانیان لە سوپای عێراق.

پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "حەدەس"، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ئەمنی و کارگێڕیی خستە ڕوو کە پەیوەستن بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەکانی داعش و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە.

فەرماندەی میحوەری شەش لە دەستپێکی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان دووچاری زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.

تیشکی خستە سەر کێشەی نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و باسی لەوە کرد، بەڕاستی نەبوونی ئەو سیستەمە ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا.

هاوکات سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان گوتی: ئێمە هیوادارین سەرجەم ئەو پاساو و بیانووانەی کە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان دژ بە هەرێمی کوردستان دەیانهێننەوە، بە یەکجاری بووەستێنرێن و کۆتاییان پێ بێت.

سەبارەت بە جموجۆڵی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆشداریی توندی دا و ئاشکرای کرد: هێرش و پەلامارەکەی ئەم دواییەی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پردێ، زەنگێکی مەترسیدارە.

لە لایەکی دیکەوە و لە بارەی جیاوازیی شایستە و مافە داراییەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، فەرماندەی میحوەری شەش نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: ئاستی مووچەی هێزەکانی ئێمە تەنانەت لە نیوەی مووچەی هێزەکانی سوپای عێراق تێپەڕ ناکات.

سیروان بارزانی جەختی لە ئەرکی مەیدانیی هێزەکانی کردەوە و رایگەیاند، کە پێشمەرگە لەم سنوورەدا ئەرکی راستەوخۆی پاراستنی تەواوی هێڵی سنووریی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا لە ئەستۆ دەگرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا دڵنیاییشی دا، کە هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و بەردەوامی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری هەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا هەیە بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان.

فەرماندەی میحوەری شەش باسی لە پێداویستییە لۆجستی و سەربازییەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: ئێمە لەم قۆناخەدا هێزەکانمان بە ئامێر و کەرەستەی سەربازیی هاوچەرخ بەهێزتر کردووە، بەڵام ئەم توانا ناوخۆیییانە هێشتا ناگەنە ئاست و توانستە تەکنیکی و لۆجستییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستیی هێزەکانمان بە هاوکاری و سیستەمی پێشکەوتوو بەردەوامە.