گرووپە میلیشیاکانی عێراق داوای وەزارەتێک دەکەن

بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ گەرەنتنی وەرگرتنی چارەنووسیان دوای رادەستکردنی چەکەکانیان، داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە، وەزارتێکی نوێی ئەمنی دابمەزرێنیت و لەو وەزارەتە کۆببنەوە، بەڵام حکوومەت داواکارییەکەی رەتکردوونەتەوە.

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، بۆ کوردستان24ـی ئاشکرا کرد، گرووپەکانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، کەتائیبی سەیدوشهەدا، بزووتنەوەی نوجەبا و سەرایا ئەولیا دەم داوای ئەو وەزارەتە نوێیەیان لە حکوومەتەکەی زەیدی کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق بە داواکارییەکە رازی نەبووە و رەتیکردووەتەوە، ئەو داواکارییەی بە ئیمتیاز ناوبردووە، نەک وەرگرتنی گەرەنتی لە حکوومەت.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستی کوردستان24 کەوتوون؛ گفتوگۆی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و گرووپە میلیشیاکان لە بارەی رادەستکردنی چەکەکانیان بەردەوامە و ئەگەر هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشهاتێکی نوێ دەربکەوێت، رەنگە بەرێوەبەراتییەکی ئەمنی یان دەستەیەکی ئەمنی یاخود وەزیرێکی دەوڵەت بۆ کاروباری ئەمنی پێکبهێنرێت. داواکاریی گرووپەکانیش لە چوارچێوەی دوا کۆبوونەوەی لیژنە چوار کەسییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بووە، کە لە هەریەک لە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، محەمەد شیاع سوودانی و هومام حەموودی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق پێکدێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دوێنێ چوارشەممە، لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی عێراق دوای 30ـی ئەیلوول. لە واشنتن کە لەلایەن ڤیکتۆریا تایلۆر، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراق و پڕۆژەی سووریا لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو. لەبارەی چەکداماڵینی گرووپە میلیشیاکان ئاشکرای کردووە، حکوومەتی عێراق رەشنووسی پلانێکی تایبەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا لە دەستی حکوومەت ئامادەکردووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا راگەیەندرێت. بە گوێرەی رەشنووسەکە کۆتا وادە بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپە میلیشیاکان دەکەوێتە حوزەیرانی 2027.

هەر لە بارەی داواکاریی گرووپە میلیشیاکان، مەحموود حەیانی ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح، بە کوردستان24ـی راگەیاندم، حکوومەتی عێراق ئێستا ناتوانێت وەزارەتی نوێ دابمەزرێنێت، هۆکارەکەشی قەیرانی توندی داراییە.

هەرچەندە پێشتر کۆتا وادەی چەکدانانی گرووپە میلیشیاکان بەسترابووەوە بە 30 ئەیلوولی 2026، کە هاوکات بێت لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، کە ئێستا تەواوی سەرباز و جبەخانەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بردووەتەوە دەرەوە و سەرجەم بنکە و سەربازگەکانیان رادەستی حکوومەتی عێراقی کردووەتەوە. بەڵام هێزە بیانییەکان کشانەوە و بەشێک لە گرووپە میلیشیاکان هێشتا ئامادەی رادەستکردنی چەکەکانیان نەبوون. تەنیا گرووپەکانی سەرایا سەلام، عەسائیب ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی چەکەکانیان رادەستکردووە.

هەروەها کۆتا هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی چەککردنی گرووپە میلیشیاکان، لە دوای کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق، رایگەیاندووە، دوای کشانەوە سەربازەکانی میلیشیاکان هیچ پاساوێک بۆ رانەدەستکردنی چەکەکانیان نەماوە.