غه‌نی و بایدن له دوایین په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیدا چیان گوت؟
ناوه‌رۆكی گفتوگۆی نێوانیان به‌ر له كه‌وتنی كابول ئاشكراكرا

K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی "رۆیته‌رز" گفتوگۆی نێوان "جۆو بایدن"، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و "ئه‌شره‌ف غه‌نی"، سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌فغانستانی ئاشكرا كرد، كه به‌ر له‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان كۆنترۆڵی ته‌واوی ئه‌و وڵاته بكات، له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا باسی تاڵیبانیان كردووه.
"رۆیته‌رز" ئه‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌ی نێوان بایدن و غه‌نی ئاشكرا كرد، كه هه‌ردوو سه‌رۆك باسیان له هاوكارییه سه‌ربازی و سیاسه‌ته ستراتیژییه‌كان كردووه، بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئه‌فغانستان ده‌كه‌وێته ژێرده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان.
سه‌رچاوه‌یه‌ك گفتوگۆ ده‌نگییه‌كه‌ی به ئاژانسی رۆیته‌رز داوه و داوایكردووه، كه ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی نییه، رۆیته‌رزیش گوێبیستی ته‌واوی ئه‌و گفتوگۆیه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك بووه.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا بایدن به‌ڵێنی به غه‌نی داوه هاوكاری ئه‌و وڵاته بكات؛ ئه‌گه‌ر ئه‌فغانستان پلانێكی روونی بۆ كۆنترۆڵكردنی ره‌وشی ئه‌فغانستان هه‌بێت، بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "پاڵپشتییه ئاسمانییه‌كانمان به چڕی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بزانین پلانه‌كه چییه".
بایدن ئامۆژگاری غه‌نی كردووه، كه ره‌زامه‌ندی ئه‌و ئه‌فغانییانه وه‌ربگرێت، كه پلانی ستراتیژیی سه‌ربازی له‌و وڵاته جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، دواتر كه‌سایه‌تییه‌كی شه‌ڕكه‌ر بۆ ئه‌و هه‌وڵه كارا بكرێت، وه‌ك ئاماژه بۆ كردنێك بۆ جه‌نه‌راڵ "بیسمیللا خان محه‌مه‌دی"، وه‌زیری به‌رگری ئه‌فغانستان.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه ئاماژه‌ی بۆ هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌فغانستان كردووه، كه حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا راهێنانی پێكردوون و به غه‌نی گوتووه: "ئه‌مه روونه باشترین سوپات هه‌یه، 300 هه‌زار سه‌ربازی چه‌كدارت هه‌یه، به‌رامبه‌ر به 70 هه‌زار یان 80 هه‌زار چه‌كداری تاڵیبان، بە دڵنیاییەوە سوپاكه‌ت دەتوانێت بە باشی شەڕ بکات".
لە په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه بایدن سەرنجی خستووه‌ته‌سەر "تێڕوانین"ی حکومەتی ئەفغانستان بۆ کێشەکە و گوتی: "پێویستە تێڕوانین و چەمکی جیهان و بەشەکانی ئەفغانستانت پێ بڵێم، سەبارەت بە شەڕی دژی تاڵیبان، پێموایە شتەکان بە باشی بەڕێوەناچێت، ئەگەر راست بێت یان نا، پێویسته ئه‌مه بە جیاوازییه‌وه ببنین".
گوتیشی: "ئێمە به گوڕوتینه‌وه له رووی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییه‌وه له هه‌وڵی خۆمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە حکومەتەکەت نەك هەر دەمێنێتەوە، بەڵکو بەردەوام دەبێت و گەشە دەکات".
غەنی بە بایدنی گوتووه، کە پێی وایە ئاشتی به‌دیدێت، ئەگەر بتوانێت "چارەسەری سەربازی دووبارە هاوسەنگ بکاتەوە"، بەڵام بایدن وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی: "پێویستە بە خێرایی بجوڵێین".
لە مانگی ئایاری رابردوو، كاتێك ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان دا له‌و وڵاته، چه‌كدارانی تاڵیبان بۆ فراوانکردن و کۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان، دەستیان به‌هێرش و پێشڕه‌وی كرد، تا له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابدا تاڵیبان ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ی كۆنترۆڵ كرد و ده‌ستی به‌سه‌ر كابولی په‌یاته‌ختیشدا گرت، دواجاریش له (31ی ئاب/ ئۆگه‌ستی 2021) دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له فڕۆكه‌خانه‌ی كابول، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان سه‌ركه‌وتنی خۆی به‌سه‌ر داگیركاری راگه‌یاند و ئاهه‌نگی گێڕا.
د.ی